سەرۆکی ئەمریکا: هێرشەکەی بەغدا بە فەرمانی من کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە بەغدا دەڵێت، "بە فەرمانی من و بۆ پاراستنی خۆمان بووە."
 
رۆژی هەینی 05-01-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشە بە فەرمانی ئەو بووە و بۆ پاراستنی هێزەکانیان بووە.
 
لە نامەکەدا بایدن نووسیویەتی، "من وەکو فەرماندەی گشتی، ئەو فەرمانەم دەرکرد، چونکە بەرپرسیارم لە پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی، "ئەمریکا ئامادەی هەنگاونانی پێویستە لە هەر کاتێک کە پێویست بکات."
 
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024 کاژێر 11:50 بە کاتی هەولێر، لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، دواتر بزووتنەوەی نوجەبا کوژرانی دوو فەرماندەی راگەیاند بە ناوەکانی ئەبو تەقوا و یاریدەدەرەکەی بەناوی ئەبو ئیمتیحان؛ ئەوەش جگە لە برینداربوونی حەوتی دیکە.
 
ئەو لیوایەی کرایە ئامانج، لیوای 12ی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی بوو، کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
 
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
 
لەبارەی هێرشەکەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "لە دەستدرێژییەکی زەقدا بەسەر سەروەریی عێراق و ئاسایشەکەی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کارێکی کرد، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کاری تیرۆرستی نییە و، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی لە بەغدای پایتەخت کردە ئامانج."
 
دواتر پێنتاگۆن پشتڕاستیکردەوە کە هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە کراوە. پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەو کەسە [ئەبوو تەقوا] چالاکانە بەشداربوو لە پلاندانان و هێرشکردنە سەر هێزەکانمان، ئێمەش هەمیشە گوتومانە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر."
 
لە هەمان رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن" میلەر هەروەها باسی لەوە کرد، کە پێویستە حکومەتی عێراق "لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا، جا ئەو لایەنانە هەر کێ بن."