ڤەنزوێلا و کوبا: لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆدا 55 سەربازمان کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتەکانی ڤەنزوێلا و کوبا ئاماری کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا لە کاراکاس بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، 55 سەرباز و ئەفسەریان کوژراون کە زۆربەیان کوبایی بوون.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، حکومەتی کوبا ناوی 32 کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی بڵاوکردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا کوژراون.
بەگوێرەی وردەکارییەکان کە هاڤانا بڵاویکردوونەتەوە، 21 لە کوژراوەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی کوبا بوون (کە سێ ئەفسەری باڵایان تێدایە) و 11ـی دیکەشیان سەر بە هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان بوون.
هاوکات سوپای ڤەنزوێلا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام لیستی ناوی 23 سەربازی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە لە هەمان ئۆپەراسیۆندا کوژراون.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی شەممە گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە کە شەوی 02-01-2026 کرا، "خێرا بووە" و تێیدا نزیکەی 200 سەرباز و 150 فڕۆکە بەشدار بوون و تەنیا چەند کاژێرێکی خایاند.
ڤلادیمیر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا رایگەیاند، پاسەوانە تایبەتەکانی مادورۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە "بە خوێنساردی تیرۆر کراون" لە کاتێکدا ئەمریکا بۆ ئاسانکاریی دەستگیرکردنەکە، پایتەخت و سێ ویلایەتی دیکەی بۆردوومان کردووە.