گوتەبێژی UN لەبارەی گرژییەکانی حەلەب بۆ رووداو: هانی لایەنەکان دەدەین گفتوگۆ بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و حەلەب و بەنی زەید وەڵامی نامۆ عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە نیویۆرک دەداتەوە و دەڵێت، "ئاگاداری گرژییەکانی حەلەبین، هانی هەموو لایەنەکان دەدەین گفتوگۆ بکەن.''
 
ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو ڕاپۆرتانەمان بینیون لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان هەن، هەروەها ئاگاداری راپۆرتەکانی نەبوونی پێشڤەچوونین لە نێوان حکومەت[ی سووریا] و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەن.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 شەڕ و ئاڵۆزی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و هەسەدە روویدا، ئاسایشی نێوخۆی حەلەب سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە، "سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش برینداربوون.'' گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریا تۆمەتبار دەکات بە "تانک، تۆپ و کاتیۆشا" هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سێ گەڕەکی شارەکە کە زیاتر لە 600 هەزار سڤیلی تێدایە.''
 
لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، گوتەبێژەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کردوومانە،هەرچی لەدەستمان بێ بۆ هاندانی لایەنەکان تاوەکو بەردەوامن بن لە گفتوگۆ، دەیکەین.''
 
دەشڵێت، "ئەو هەنگاوە (دانوستاندنەکان) پێویستی بە یەکخستنی دەزگە ئەمنییەکان هەیە، لەپێناو بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان، ئێمەش بەردەوام ئامادە دەبین بۆ کارکردن بەو ئاراستەیەدا.''
 
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، گرووپەکانی سەر بە حکومەت بە پێشێلکردنی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا دادەنێن، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاندووە:" "گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس (تانک، تۆپی قورس، مووشەکهاوێژی گراد و کاتیۆشا، هاوەن و دۆشکە) هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید."
 
بەڵام لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی سووریا "هەسەدە" بە زیادبوونی گرژییەکان و هێرشکردن تۆمەتبار دەکات و رایگەیاند، لە ریزەکانی سوپادا سەربازێک کوژراوە و 5ی دیکە بریندارن.
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە بۆ سەر گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان)، 3 سڤیل کوژراون و 12ی دیکە بریندارن.
 
هەروەها نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە رووداوی راگەیاند، هەموو جۆرە چەکێکی قورس لەلایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشق بۆسەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەکاردەهێندرێن.
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێرانیش دەڵێت، ''زۆر روون بووین لە دەربڕینی نیگەرانییەکانی سکرتێری گشتی سەبارەت بەو توندوتیژییانەی بینیمان، ئەو گیانلەدەستدانانەی بینیمان، نەبوونی توانای خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادانە و ئاشتییانە رای خۆیان دەربڕن."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامەکانی ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: دوو پرسیارم هەیە. یەکێکیان سەبارەت بە سووریا، گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە حکومەت لە حەلەب پەرەیان سەندووە، باس لەوە دەکرێت چوار کەس لەوێ گیانیان لەدەستداوە، ئایا ئەم ڕاپۆرتانەت بینیون؟ سکرتێری گشتی پێیوایە لەوبارەیەوە چی بکرێت باشە؟ ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ رۆڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەگێڕێت؟
 
ستیفان دوژاریک: ئەو راپۆرتانەمان لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانمان بینیون،هەروەها ڕاپۆرتەکانمان لەسەر نەبوونی پێشڤەچوون لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەت و هەسەدەدا بینیون، پێموایە ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی لەدەستمان بێت بیکەین بۆ هاندانی لایەنەکان تاوەکو بەردەوام بن لە گفتوگۆ، مەبەستم ئەوەیە، ئەمە شتێکە پێویستی بە یەکخستنی دەزگە ئەمنییەکان هەیە لەپێناو بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان، ئێمەش بەردەوام ئامادە دەبین بۆ کارکردن بەو ئاراستەیەدا.
 
رووداو: سەبارەت بە ئێران، بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، 19 کەس لە پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" کە بنکەکەی لە ئۆسلۆیە، دەڵێت لەو 19 کەسەی کوژراون، 16یان کوردن و خەڵکی ئیلامن کە پارێزگایەکی زۆرینە کوردنشینە، بە بڕوای ئێوە، بۆچی هەمیشە گرژییەکان لەم وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرەدەسێنن، نەتەوەی وەکو کورد وا دەردەکەوێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بکرێنە ئامانج.
 
ستیفان دوژاریک: بە راستگۆیی ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارەی کۆتاییت بدەمەوە، پێموایە دوێنێ زۆر روون بووین لە دەربڕینی نیگەرانییەکانی سکرتێری گشتی سەبارەت بەو تووندوتیژییانەی بینیمان، لەگەڵ گیانلەدەستدانی خەڵک، نەبوونی توانای خەڵک بۆ ئەوەی بە ئازادانە و ئاشتییانە ڕای خۆیان دەربڕن. پێموایە ئەگەر سەیری ئەوە بکەینەوە دوێنێ گوتم، ئەو پەیامانە هێشتا وەک خۆیانن، ئەوەندەی من بزانم، ئێمە خۆپیشاندانمان لە زۆر ناوچەی جیاوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران بینیوە، لەوانەیە هەندێک لەو ناوچانە دانیشتووانەکەیان لە کەمینەکان بن، بەڵام سەبارەت بە بەشی کۆتایی پرسیارەکەت، من بەڕاستی لەو پێگەیەدا نیم بتوانم وەڵام بدەمەوە.