وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەروبەندی گرژییەکان لە حەلەب، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە. میدیای فەرمیی سووریا دەڵێ، هەردوولا جەختیان لە "هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان دوو وڵاتەکە" کردەوە.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 ئاژانسی فەرمیی سانا بڵاویکردەوە، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ پاریس، لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە "پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان" و رێگەکانی "بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە" کرد.
 
پێشتریش شەیبانی لەگەڵ ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆببووەوە بۆ تاوتوێکردنی "بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژی" لەنێوان پاریس و دیمەشق.
 
هۆکاری سەردانی شەیبانی بۆ پاریس، کۆبوونەوەیەک بوو لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل.
 
سانا بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە شاندێکی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد.
 
بە گوێرەی سانا، "دانوستاندنەکان بە هاوئاهەنگی و نێوەندگیریی واشنتن بووە و تێیدا جەخت لە گەیشتن بە "رێککەوتنێکی ئەمنی هاوسەنگ" لەنێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە."
 
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە کاراکردنەوەی رێککەوتنامەی ساڵی 1974 بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان. 
 
حەلەب لەژێر تۆپباراندا
 
ئەم کۆبوونەوانە لەکاتێکدان، شەڕ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستی پێکردووەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، هێزەکانی سەر بە حکومەت هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بە تووندی سەرکۆنەی کرد و هۆشداریی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دا.
 
لە بەرامبەردا، میدیای فەرمیی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد بە بۆردوومانکردنی گەڕەکی مەیدان و باڵەخانەی کشتوکاڵی حەلەب.