رەوەندی کوردی چۆن لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا دەڕوانێت؟
رووداو دیجیتاڵ
کۆچ و کۆچبەران بوونەتە پرسێکی گرنگی ئاسۆی سیاسیی ئەڵمانیا و کاریگەریی گەورەی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە هەیە کە 23ی شوبات بەڕێوەدەچن.
پرسەکە هێندە گرنگە، ژمارەیەک هاوپەیمانیی سیاسی و بیرکردنەوەی بەشێکی دەنگدەرانیشی گۆڕیوە، لە وڵاتێکدا کە 17.3٪ی دانیشتووانی ئەوانەن کە لە دوای 1950ـەوە کۆچیان بۆ کردووە.
گەورەترین رەوەندی کوردی لەسەر ئاستی جیهان، لە ئەڵمانیایە کە ژمارەیان بە 1.2 تاوەکو 1.5 ملیۆن کەس دەخەملێنرێت.
رووداو لە بەرنامەیەکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر ئەو مشتومڕەی پرسی کۆچبەران لەخۆی هەڵگرتووە.
سعود، هاووڵاتییەکی کوردی ئەڵمانیایە و لە ساڵی 2000ـەوە چووەتە ئەو وڵاتە. لە شەقامێکی پڕ لە فرۆشگەی کورد، لە شاری دوسلدۆرف بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی گوت، "دەنگ بەو پارتانە دەدەین کە یارمەتی کورد دەدەن."
پارتی راستڕۆی یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU) سەرنجی لەسەر کۆچبەران چڕکردووەتەوە، بە جۆرێک کە بۆ یەکەمین جار بڕیاریدا بچێتە ریزی پارتی راستڕۆی توندڕۆی دژە کۆچبەری جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) و پێکەوە پشتیوانییان لە پڕۆژە یاسایەک کرد بۆ سنووردارکردنی وەرگرتنی کۆچبەران، کە بە جیاوازییەکی کەم شکستی پێ هێنرا.
سعود بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا AfD سەردانی شەقامەکەیان نەکردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، "چونکە زیاتر دەیانەوێت دەنگی ئەڵمانەکان کۆبکنەوە،" بەڵام گوتیشی، پارتی CDU و سۆسیال دیموکرات (SPD) سەردانی فرۆشگەکانیان کردووە و نامیلکەی بانگەشەی پێداون، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی بە رەچەلەک خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقان، رۆژانە بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکانیان، سەردانی شەقامەکەیان دەکەن.
SPD پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکار، پێچەوانەی پارتەکانی دیکە، پارێزگاری لەو نەرمییەی کردووە کە لە بەرامبەر کۆچبەران نوواندوویەتی، وێڕای ئەوەی بە پێی دوایین راپرسی، دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
فەرهاد کە بە رەچەلەک خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە شاری بۆخۆم قسەی بۆ ئاڵا شاڵی کرد.
ئەو پێیوایە، "SPD پارتێکی باش بووە،" بەڵام هۆکاری ناڕەزایی خەڵک لە ئاستەکەی ئەوەیە کە "لەو کاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست، کۆرۆنا هات کە زیانی بە هەموو جیهان گەیاند."
ئەو شەقامەی فەرهاد کاری لێ دەکات، نزیکەی 20 فرۆشگەی کوردی رۆژئاوای کوردستانی لێیە، بۆیە هەندێ کەس شەقامەکە بە "رۆژئاوای کوردستان" ناودەبەن.
فەرهاد 9 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت و وەڵاتینامەی پێدراوە. ئەو دەڵێت: "هیوادارین کوردەکانمان ئاگاداری سیاسەتی ئەڵمانیا بن و لەسەر بنەمای سیاسەتەکانیان دەنگ بدەن."
فەرهاد داوا دەکات "کەس دەنگدان پشتگوێ نەخات، هەر کەسێک مافی دەنگدانی هەبێت، بڕوات دەنگ بدات."
بە گوێرەی دوایین راپرسی، پارتی AfD لەم هەڵبژاردنانەدا، دەبێتە دووەم و 22٪ی دەنگەکان بەدەستدێنێت.
دلێر کامیل، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆگونجاندنی کۆچبەرانە لە ویلایەتی نۆردراین فێستڤاڵن، بە رووداوی گوت، "کێشەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا بەو شێوەیە نییە کە لە میدیا باس دەکرێت،" بەڵکو پارتەکان "دەیانەوێت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەنگی پێ پەیدا بکەن."
دلێر کامیل پێیوایە، کۆچبەران "یارمەتیی ئەڵمانیایان داوە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا."
گوتیشی: "AfD و نازییە تازەکان، کەشێکی زۆر خراپیان لە ئەڵمانیا دروستکردووە."
AfD لە ساڵی 2013 دامەزرێنرا. لەو ساڵەدا بەهۆی ئەوەی تەنیا 4.7٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا و نەیتوانی بەربەستی 5٪ ببڕێت، هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان بەدەستنەهێنا، بەڵام لە ساڵی 2017 گەیاندییە 12.6٪ و لە دوایین دەگندانیش بۆ 10.3٪ نزمبووەوە.
دلێر کامیل باس لەوە دەکات، لە کاتی دامەزراندنی AfD "خەڵکێکی زۆر" لە CDUـەوە چوونە نێو پارتە دژە کۆچبەرەکە و "هەوڵیاندا بابەتی کۆچبەران بە شێوەیەکی زۆر زەق باس بکرێت،" بۆ ئەوەی پارێزگاری لە جەماوەرەکەیان بکەن.
پاساوی پارتە نەژادپەرستەکە بۆ دژایەتیکردنی کۆچبەران ئەوەیە کە دەبێت دەرفەتی کار، نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی ئەڵمانیا بێت. هەروەها پێیوایە، کۆچبەران دەبنە هەڕەشە لەسەر بەها و دابونەرتیە رەسەنەکانی ئەڵمانیا.
هەروەها زیادبوونی هێرشی ئەو کەسانەی کە پاشخانێکی کۆچبەرییان هەیە، وایکردووە دەنگی پارتەکە بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دلێرتربێت.
بەڵام دلێر کامیل دەڵێت، "بابەتی ئەمنی و ئاسایش لە هەموو وڵاتێک روودەدات. ئەم کێشانە، 60٪یان لە لایەن ئەڵمانەکان خۆیانەوە دەکرێن، بەڵام باس ناکرێت." 40٪ی دیکە لە لایەن ئەو پەناخوازانەوە دەکرێت کە مافی مانەوەیان نییە و "هیچیان نییە لە ئەڵمانیا لەدەستیبدەن."
بە گوتەی دلێر کامیل، ئەڵمانیا "پێویستی بە کۆچبەرانە، لە بازاڕی کار پێویستیان بە خەڵکە."
دەشڵێت، "لە زۆر شوێنی ئەڵمانیا، [لە لایەن کۆچبەرانەوە زۆر شتی باش کراوە، بەڵام [دژە کۆچبەرەکان] پێیان ناخۆشە باسی بکەن."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، "کورد دەبێت دەنگ بەو پارتە دیموکراتانە بدات کە دەیانەوێت خەڵکی ئەڵمانیا بەیەکەوە بژین، یارمەتییان بدەن بتوانن کاریان بۆ بدۆزنەوە و جێگەیان بۆ بدۆزنەوە."
بەڵام AfD "هەندێ جار باسی ئەوە دەکەن وەڵاتینامە لە خەڵک وەربگرنەوە کە ئەمە لۆژیکی نییە، یاسای ئەڵمانی رێگەی پێ نادات."