ترەمپ بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک دیموکراتەکانی ئەمریکا تووڕە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەبارەی باراک ئۆباما و میشێل ئۆبامای هاوژینی، کە بە مەیموون وێنای کردوون، دیموکراتەکان تووڕە دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی (Truth Social) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جارێکی دیکە باسی لە "دزینی" هەڵبژاردنەکانی 2020 دەکات. لە چرکەکانی کۆتایی ڤیدیۆکەدا، بۆ ماوەی یەک چرکە، وێنەی دەموچاوی باراک ئۆباما و میشێل ئۆباما لەسەر جەستەی دوو مەیموون نیشان دەدرێت.
 
لە ڤیدیۆکەدا ترەمپ هێرش دەکاتەوە سەر کۆمپانیای (Dominion Voting Systems) بۆ ئامێرەکانی دەنگدان و تۆمەتباریان دەکات بەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان بۆ بەرژەوەندیی دیموکراتەکان گۆڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ لە یەکەم ساڵی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدایە و هێشتا گومان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەخات.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. گاڤین نیوسەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا و یەکێک لە رکابەرە سەرسەختەکانی ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی: "ئەمە رەفتارێکی قێزەونی سەرۆکە. دەبێت تاک بە تاکی کۆمارییەکان سەرکۆنەی ئەمە بکەن."
 
هاوکات بێن رۆدز، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و کەسی نزیک لە ئۆباما، رەخنەی تووندی لەو وێنانە گرت و نووسی: "با ئەمە ترەمپ و شوێنکەوتووە نەژادپەرستەکانی بێزار بکات، کە ئەمریکییەکان لە داهاتوودا وەک کەسایەتیی خۆشەویست مامەڵە لەگەڵ ئۆباما و هاوژینەکەی دەکەن، بەڵام سەیری ترەمپ دەکەن وەک پەڵەیەکی رەش بە مێژووی وڵاتەکەیانەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتییەیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ژیریی دەستکرد (AI) بەکاردێنێت بۆ سووکایەتیکردن بە نەیارە سیاسییەکانی. پێشتر ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا ئۆباما بە جلی زیندانییەوە دەردەکەوت، هەروەها وێنەیەکی حەکیم جێفریس، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی بە سمێڵێکی ساختە و کڵاوێکی مەکسیکییەوە بڵاوکردەوە کە ئەو کات بە "نەژادپەرستانە" وەسف کرا.
 
دوژمنایەتی نێوان ترەمپ و ئۆباما مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ ترەمپ پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، یەکێک بوو لەو کەسانەی گومانی لە شوێنی لەدایکبوونی ئۆباما هەبوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئۆباما لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایکبووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ لەکەدارکردنی رەوایەتیی سەرۆکایەتییەکەی.