لە مۆسکۆ تەقە لە ژەنەڕاڵێکی باڵای سوپا کرا و بە سەختی بریندارە

رووداو دیجیتاڵ
 
ژەنەڕاڵێکی باڵای سوپای رووسیا لە نێو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە مۆسکۆ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە سەختی بریندار بوو. لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە دەستپێکردووە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 6-2-2026، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "کەسێکی نەناسراو چەند فیشەکێکی بە ئاراستەی ڤلادیمێر ئەلێکسیێڤ، ژەنەڕاڵ لە ئەرکانی گشتیی سوپای رووسیا تەقاندووە و دواتر لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ژەنەڕاڵەکە بەپەلە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە، بەڵام تەندروستیی ناجێگیرە.
 
سڤێتلانا پێترێنکۆ، گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاند، هەموو رێکارە هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکان دەستیانپێکردووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەس یان کەسانەی لە پشت ئەم تاوانەوەن.
 
ڤلادیمێر ئەلێکسیێڤ، پلەی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای رووسیای هەیە و وەک ئەفسەرێکی کارای هەواڵگری دەناسرێت و رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی رووسیا لە سووریا بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
 
هەروەها ئەلێکسیێڤ یەکێک بوو لەو بەرپرسە باڵایانەی مۆسکۆ کە لە ساڵی 2023 و لە کاتی یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر، ئەرکی گفتوگۆکردنی لەگەڵ یێڤگێنی پریگۆژین، سەرۆکی پێشووی گرووپەکە پێسپێردرا.
 
ئەمە نوێترین زنجیرەی بەئامانجگرتنی بەرپرسانی سەربازیی رووسیایە؛ لەو کاتەوەی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، چەندین فەرماندە و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە لە هێرشی جیاوازدا کوژراون یان کراونەتە ئامانج، کە کیێڤ بەرپرسیارێتی بەشێکیانی گرتووەتە ئەستۆ.
 
تەقەکردن لە ئەلێکسیێڤ لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو دادگایەکی رووسیا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر پیاوێکی ئۆزبەکدا سەپاند بە تۆمەتی کوشتنی جەنەڕاڵ ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی تیشکدەر و کیمیایی سوپای رووسیا لە ساڵی 2024، کە لە رێگەی سکۆتەرێکی بۆمبڕێژکراوەوە لەبەردەم ماڵەکەی لە مۆسکۆ کوژرا.