ئیسلامییەکانی بەنگلادیش چاویان لە دەسەڵاتە


رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار دوای رووخانی دەسەڵاتەکەی شێخ حەسینە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو خەڵکی بەنگلادیش دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. سەرکردەی گەورەترین پارتی ئیسلامی کە پێشتر سێ جار شکستی هێناوە، ئەمجارە هیوایەکی زۆری بە سەرکەوتن هەیە.
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 راپەڕینێکی جەماوەری کۆتایی بە 15 ساڵ لە حوکمی شێخ حەسینە هێنا، ئێستا شەفیقوڕەحمانی تەمەن 67 ساڵ کە پزیشک و بانگخوازە، سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی 11 پارتی دەکات و دەیەوێت پۆستی سەرۆکوەزیران بەدەستبهێنێت.
 
شەفیقوڕەحمان، کە پێشتر زیندانی سیاسی بووە، لە کەمپەینەکانیدا بەڵێنی "نوێبوونەوەی ئەخلاقی" و حکومڕانییەکی "بێ گەندەڵی" دەدات. ئەگەر ئەو سەرکەوتوو بێت، دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسلامی لە مێژووی بەنگلادیشدا، کە وڵاتێکە دەستوورەکەی سیکۆلارە.
 
بەربژێربوونی شەفیقوڕەحمان، نیگەرانیی لای کەمینە ئایینییەکان و چالاکڤانانی مافی ژنان دروستکردووە. نزیکەی 10٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە ناموسڵمانن (زۆربەیان هیندۆسن) و دەترسن سەرکەوتنی ئیسلامییەکان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادییەکانیان.
 
یەکێک لە گەورەترین رەخنەکان کە ئاراستەی شەفیقوڕەحمان دەکرێت، تێڕوانینیەتی بۆ ژنان. ساڵی رابردوو گوتەیەک لە هەژماری ئەودا بڵاوکرایەوە، تێیدا چوونی ژنانی بۆ بازاڕی کار بە "جۆرێکی دیکە لە لەشفرۆشی" چواندبوو.
 
دواتر شەفیقوڕەحمان رایگەیاند، هەژمارەکەی هاککراوە، بەڵام ئەمە تووڕەیی ژنانی لێکەوتەوە و لە داکای پایتەخت بە گسکەوە دژی رێپێوانیان کرد.
 
پارتەکەی شەفیقوڕەحمان ناوی "جەماعەتی ئیسلامی"ـە و بۆ ئەم هەڵبژاردنە تەنیا بەربژێری پیاوی دیاریکردووە. هەرچەندە ئەو هەوڵدەدات وەک کەسایەتییەکی "میانڕەو" دەربکەوێت، بەڵام هاوپەیمانییەکەی چەندین گرووپی تووندڕەو لەخۆدەگرێت کە داوای قەدەخەکردنی مۆسیقا، شانۆ و تەنانەت یاری تۆپی پێی ژنان دەکەن.
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شەفیقوڕەحمان دەیەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە. بە پێچەوانەی شێخ حەسینە کە پەیوەندییەکی زۆر تووندی لەگەڵ حکومەتی هیندستان هەبوو، شەفیقوڕەحمان دەڵێت دەیەوێت پەیوەندییەکی "هاوسەنگ"یان لەگەڵ مۆسکۆ و وڵاتانی دراوسێدا هەبێت.