دوای کۆتاییهاتنی 'نیو ستارت'؛ ترەمپ داوای پەیماننامەیەکی نوێی ئەتۆمی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێی ئەتۆمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی دوایین رێککەوتنی نێوان واشنتن و مۆسکۆ کۆتایی هات و مەترسییەکانی دەستپێکردنی کێبڕکێیەکی نوێی خۆپڕچەککردن لە جیهاندا زیادیان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، پەیماننامەی (New START) کە لە ساڵی 2010 لە نێوان ئەمریکا و رووسیا واژۆکرابوو، "بە خراپی دانوستاندنی لەسەر کرابوو" و ئێستاش "بە شێوەیەکی گەورە پێشێل دەکرێت."
ترەمپ نووسیویەتی: "دەبێت شارەزایانی ئەتۆمیی ئێمە کار لەسەر پەیماننامەیەکی نوێ، باشتر و مۆدێرن بکەن کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە داهاتوودا بمێنێتەوە."
کۆتاییهاتنی پەیماننامەی (New START) نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جیهان لە "ساتێکی مەترسیدار" دایە و گوتی: "مەترسیی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرزترین ئاستدایە لە چەند دەیەی رابردوودا."
ئیدارەی ترەمپ داوا دەکات چینیش ببێتە بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، بەو پێیەی جبەخانە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە لە گەشەکردنی خێرادایە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کۆنترۆڵکردنی چەک "بەبێ چین مەحاڵە." بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لەم قۆناخەدا بەشداریی هیچ دانوستاندنێکی لەو شێوەیە ناکەن و ئاماژەی بەوە کرد، توانای ئەتۆمیی چین زۆر کەمترە لە ئاستی ئەمریکا و رووسیا.
بەگوێرەی ئامارەکان، ئەمریکا و رووسیا خاوەنی زیاتر لە 80٪ی کڵاوە ئەتۆمییەکانی جیهانن.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دوای گفتوگۆکانی ئەبوزەبی دەربارەی شەڕی ئۆکراینا، دیالۆگی سەربازی لەگەڵ رووسیا دەستپێدەکاتەوە.
پەیماننامەی (New START) کە لە سەردەمی باراک ئۆباما واژۆکرا و جۆ بایدن درێژی کردەوە، دوا کۆت و بەند بوو لەسەر دوو هێزە گەورە ئەتۆمییەکەی جیهان بۆ سنووردارکردنی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانیان بۆ 1500 کڵاوە بۆ هەر لایەکیان. ئێستا بە نەمانی ئەو رێککەوتنە، هیچ رێگرییەک لەبەردەم زیادکردنی ئەو چەکانەدا نەماوە.