ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند. ئەم بڕیارە چەند کاژێرێک دوای کۆتاییهاتنی یەکەم گەڕی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەڵتەنەتی عومان هات.
سزاکە 14 کەسایەتی، لایەن و کەشتی دەگرێتەوە کە گوایە یارمەتیدەرن بۆ گواستنەوەی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ بۆ زیادکردنی گوشارەکان. پیگۆت گوتی: "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پابەندە بە کەمکردنەوەی هەناردەی نایاسایی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی رژێمی ئێران، ئەوەش لە چوارچێوەی کەمپەینی زۆرترین گوشار بۆ سەر تاران."
ئەم سزایانە لە کاتێکدا راگەیێندران کە ئەمڕۆ هەینی، هەردوو وڵات لە مەسقەتی پایتەختی عومان، لە رێگەی نێوەندگیریی عومانییەکانەوە، خەریکی تاوتوێکردنی دۆسیە هەستیارەکان بوون.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیامێکدا لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان گوتی: "گفتوگۆی زۆر جیدی بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە مەسقەت بەڕێوەچوو. ئەم دانوستاندنە سوودبەخش بوو بۆ روونکردنەوەی دیدگەی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی و دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی ئەگەری بەرەوپێشچوونیان تێدایە."
بوسەعیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیانە لە کاتێکی گونجاودا دووبارە کۆببنەوە تاوەکو ئەنجامەکان لە تاران و واشنتن بە وردی تاوتوێ بکرێن.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی ئەمڕۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە کاژێر 10ی بەیانییەوە تاوەکو 6ی ئێوارە دانوستاندنەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و گفتوگۆکان دوورودرێژ و چڕ بوون.
عەباس عێراقچی گوتی: "دوای ماوەیەکی زۆر کە پەیوەندیمان نەبوو، را و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد. ئەمە زۆر گرنگ بوو. نیگەرانییەکانمان گەیێندران، بەرژەوەندییەکانی ئێمە، مافی خەڵکی ئێران و هەموو ئەو شتانەی کە دەبوو باس بکرێن، لە کەشێکی زۆر باش دا گوێزرانەوە. هەروەها را و بۆچوونی لایەنی بەرامبەریش گوێی لێگیرا."