بەندەرێکی ئۆکراینا لەکاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی یۆنان و سەرۆکی ئۆکراینا بۆردوومانکرا

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی یۆنان و سەرۆکی ئۆکراینا بۆ بەندەرێکی شاری ئۆدێسای ئۆکراینا، سوپای رووسیا دەوروبەری بەندەرەکەی بۆردوومان کرد و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 06-03-2024، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرایناوە پێشوازیی لێکرا و بەیەکەوە سەردانی بەندەرێکی شاری ئۆدێسایان کرد و لەو کاتەدا بەندەرەکە بۆردوومان کرا.
 
دوای بۆردوومانەکە، دوو بەرپرسەکە کۆنفرانسێکی رۆژنەماڤانییان کرد و سەرۆکوەزیرانی یۆنان گوتی "لە دەوروبەرمان گوێمان لە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و تەقینەوە بوو، کاتمان نەبوو بچینە پەناگەیەک."
 
دوای بۆردوومانەکە، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند کوژراو و بریندار هەن، بەڵام هیچ ژمارەیەکی ئاشکرا نەکرد.
 
سەرۆکوەزیرانی یۆنان هەروەها گوتی "ئەزموونێکی زۆر جیاواز بوو، زۆر جیاوازی هەیە لە رۆژنامە لەسەر جەنگ بخوێنیتەوە لەوەی بە گوێیەکانی خۆت گوێت لێبێت و بە چاوەکانت بیبینی."
 
یۆنان لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە رەخنەی لە "داگیرکاریی رووسیا" گرتووە و بە چەندین جۆری چەک یارمەتیی ئۆکراینای داوە.
 
زیلێنسکی لە کۆنفرانسەکە گوتی "دەتوانن ببینن کە ئێمە رووبەڕووی کێ بووینەتەوە. ئەوان گرنگی بەوە نادەن هێرش دەکەنە سەر کوێ."
 
دوو سەرۆکەکە سەردانی بەندەری باشووری ئۆدێسایان کرد، کە چەندین جارە بەر بۆردوومانەکانی سوپای رووسیا دەکەوێت.
 
میتسۆتاکیس لە لێدوانێکی دیکەیدا گوتی "لەماوەی سەردانەکە، سەرۆک زیلێنسکی گرنگیی بەندەرەکەی روونکردەوە و باسی ئەوەی کرد چی کراوە بۆ چاککردنەوە و بەهێزکردنی رێگە ئاوییەکانی ئۆکراینا."
 
بەندەری ئۆدێسا لە دەریای رەش وێستگەی ناردنی دانەوێڵەیە لە ئۆکرایناوە بۆ وڵاتانی دیکە. 
 
ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆکراینا پێشتر رایگەیاندبوو، "لە ماوەی جەنگی دوو ساڵەی ئۆکراینادا، وڵاتەکەمان لە مانگی شوبات زیاتر لە هەر مانگێکی دیکە دانەوێڵەی هەناردە کردووە."
 
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. لە دەستپێکی جەنگەکەوە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بە بەهای زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە، ئەوەش هۆکاری بەردەوامیی ئۆکراینا بووە لە بەرامبەر سوپا زەبەلاحەکەی رووسیا.
 
بەرپرسە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، پێویستییان بە 450 هەزار سەربازی دیکەش هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە جەنگەکە بدەن.