ترەمپ: ئێران رێککەوتنی دەوێ، بەڵام ئێمە شەڕمان دەوێ

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناو ئێران گوتی: "هێزی دەریایی ئێران لەنێو چووە و ئەوان داوای رێککەوتن دەکەن، بەڵام ئێمە شەڕی زیاترمان دەوێ."
 
رۆژی هەینی 06-03-2025 سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی رێوڕەسمێکی کۆشکی سپیدا بۆ رێزلێنان لە یانەی ئینتەر مەیامی رایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی "لەنێوچووە." ترەمپ گوتی: "تەنیا لە ماوەی 3 رۆژدا، 24 کەشتیی جەنگیی ئێرانمان نوقم کردووە. ئەوان ئێستا نە هێزی ئاسمانییان هەیە و نە بەرگریی ئاسمانی."
 
هەرچەندە دواتر ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، ژمارەکە بۆ 30 کەشتی بەرز بووەتەوە.
 
بەپێی گوتەی ترەمپ، وردیی هێرشەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەر مووشەکێک لە لایەن ئێرانەوە بهاوێژرێت، لە ماوەی کەمتر لە 4 خولەکدا سەکۆی هاوێشتنەکەی لە لایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە تەخت دەکرێت. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 60٪ بۆ 64٪ـی کۆی توانای مووشەکی و پەیوەندییەکانی تاران لەناوچوون.
 
دواکەوتنی تاران بۆ رێککەوتن
 
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، سەرکردەکانی ئێران ئێستا پەیوەندی دەکەن و دەپرسن: "چۆن رێککەوتن بکەین؟" بەڵام وەڵامی ئەو بۆ ئەوان ئەوە بووە کە "ئێوە کەمێک درەنگ کەوتوون." ترەمپ گوتی: "ئێمە ئێستا زیاتر لەوان دەمانەوێت بجەنگین. 47 ساڵە ئەم وڵاتە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژی؛ 95٪ـی ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە قاچ و قۆڵیان لەدەستداوە، بەهۆی قاسم سولەیمانی و رژێمی ئێرانەوە بووە."
 
کۆنتڕۆڵی نرخی نەوت 
 
جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کاریگەریی تووندی لەسەر بازاڕەکانی وزە دروست کردووە. نرخی نەوتی برێنت 4.9٪ و نەوتی تێکساس (WTI) 8.5٪ بەرزبووەوە. لە بەرامبەردا ترەمپ فەرمانی بە دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی ئەمریکا کرد کە بیمەی سیاسی بۆ هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە دابین بکات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ دەست دەکات بە پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز تاوەکو گەرەنتیی جوڵەی ئازادی وزە بۆ جیهان بکرێت.
 
پەیام بۆ سوپای پاسداران و گەلی ئێران
 
ترەمپ بە ئەندامانی سوپای پاسداران، سوپا و پۆلیسی ئێران گوت، چەکەکانتان دابنێن و گوتی: "ئەگەر چەک دابنێن، پارێزبەندیی تەواوتان دەبێت، ئەگەر نا، رووبەڕووی مردنێکی مسۆگەر دەبنەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها داوای لە گەلی ئێران کرد کە هەڵبستن و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە و گوتی: "ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ ئێرانێکی نوێ کە توانایەکی مەزنی هەبێت." سەرۆکی تەنانەت داوای لە دیپلۆماتە ئێرانییەکانیش کرد لە وڵاتانی جیهان داوای مافی پەنابەری بکەن و یارمەتی ئەمریکا بدەن لە داڕشتنەوەی داهاتووی وڵاتەکەیان.
 
ئاسایش بۆ جیهان
 
ترەمپ جەختی کردەوە، ئامانجی ئەو ئەوەیە ئێرانێکی نوێ دروست ببێت کە چیدی هەڕەشە نەبێت بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، قەتەر و ئیمارات. ترەمپ رەخنەی لە دەسەڵاتی ئێستا گرت کە تەنانەت مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتانەش کردبوو کە تێوەنەگلابوون. ترەمپ بەم دەستەواژەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئەگەر لێمان نەدابان، لێیان دەداین، ئێمە هاتین و ئاهەنگەکەمان لێ تێکدان."