کۆشکی سپی: گرنگ نییە رووسیا زانیاریی هەواڵگریی دابێتە ئێران یان نا؛ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەنێودەبەین


رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی دەڵێ، راپۆرتەکانی تایبەت بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری لە لایەن رووسیاوە بە ئێران، هیچ کاریگەرییەک لەسەر رەوتی جەنگەکە و سەرکەوتنەکانی ئەمریکا دروستناکەن. 
 
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی هەینی، 6ى ئادارى 2026 لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) وەڵامی ئەو راپۆرتانەی دایەوە کە باس لە هاوکاریی هەواڵگریی نێوان مۆسکۆ و تاران دەکەن بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. 
 
لە وەڵامى هەڵوێستى دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو راپۆرتانەى کە باس لە هاوکارى رووسیا دەکەن تایبەت بە پێدانى زانیارى هەواڵگرى بۆ ئێران و ئەو پرسیارەی کە ئایا ترەمپ قسەى لەگەڵ سەرۆکى رووسیا کردووە لەو بارەیەوە،  گوتەبێژى کۆشکى سپی گوتی:"ئەمە بۆ سەرۆک جێدەھێڵم لێدوانى لەسەر بدات، چونکە ئێمە کۆمێنت لەسەر راپۆرتى هەواڵگرى نادەین."
 
لیڤیت دواتر گوتى: "ئەوە روویدابێت یان نا، هیچ گرنگ نییە، چونکە سەرۆک ترەمپ و سوپاى ئەمریکا بە تەواوى رژێمى ئێران لەنێودەبەن."
 
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە رۆژنامەی (واشنتن پۆست) لە راپۆرتێکدا گوتی، رووسیا شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە ئەمریکییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتە ئێران تاوەکو بە وردی بیانپێکێت. 
 
لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتی ئێران رووبەڕووی دۆخێکی خراپ بوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیان لە دۆخێکی یەکجار خراپدان، هەربۆیە هەر جۆرە هاوکارییەکی هەواڵگریی مۆسکۆ ناتوانێت هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە یان رێگری لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بکات.