ترەمپ: خۆبەدەستەوەدانى بێ مەرج واتە لەنێوبردنى تەواوەتیی تواناى سەربازیی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، مەبەستی لە "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" بۆ ئێران، تەنیا راگەیاندنێکی فەرمی نییە، بەڵکو دەکرێت بە واتای لەنێوبردنی تەواوەتیی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە بێت تاوەکو ئەو ئاستەی چیدیکە نەتوانێت شەڕ بکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی 6ى ئادارى 2026 بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی گوت، "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج دەکرێت ئەوە بێت کە ئێرانییەکان خۆیان رایبگەیێنن، بەڵام دەکرێت کاتێکیش بێت کە چیدیکە نەتوانن شەڕ بکەن، لەبەر ئەوەی هیچ کەس و هیچ شتێکیان بۆ شەڕکردن پێ نەمابێت."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە پێشتر لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاندبوو، هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ تاران قبووڵ ناکات.
 
لە هەمان کاتدا، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" گوتی، مەبەست لە "خۆبەدەستەوەدانى بێ مەرج" ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ بگاتە ئەو ئەنجامەی "ئێران چیدیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و سەربازەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
لیڤیت ئامانجەکانی واشنتنی بە لەناوبردنی هێزی دەریایی، نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی بالیستی، رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و لاوازکردنی گرووپە نزیکەکانی دیاریکرد.
 
"رێگە نادەین ترەمپ مەرجەکانی خۆی بەسەر گەلێکی مەزندا بسەپێنێت"
 
بەر لەوەی ترەمپ ئەم هەڵوێستە رابگەیێنێت، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیبوی کە "هەندێک وڵات دەستیان بە هەوڵی نێوەندگیری کردووە" بۆ راگرتنی جەنگ.
 
پزیشکیان گوتیشی، "پابەندین بە ئاشتییەکی بەردەوام، بەڵام دوودڵ نابین لە بەرگری لە شکۆ و سەروەریی نیشتمانمان. نێوەندگیری دەبێت روو لەوانە بێت کە گەلی ئێرانیان بە کەم زانی و ئەم جەنگەیان هەڵگیرساند."
 
کاردانەوەی تووندتری تاران لەلایەن محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بوو کە لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، رێگە نادەن ترەمپ مەرجەکانی خۆی بەسەر گەلێکی مەزندا بسەپێنێت.
 
قالیباف گوتیشی، "ترەمپ هێشتا تێناگات چ بەڵایەکی بەسەر خۆی و سەربازە ئەمریکییەکاندا هێناوە بە شەهیدکردنی ئیمامەکەمان." ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، چارەنووسی ئێران تەنیا لەلایەن گەلەکەیەوە دیاری دەکرێت، "نەک لەلایەن باندەکەی ئێپستینەوە."
 
دانی سیترینۆڤیچ، شارەزای کاروباری ئێران لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک پێیوایە ئەم هەڵوێستە فەرمییەی ئیدارەی ئەمریکا هیچ رێگەیەکی بۆ دیپلۆماسی نەهێشتووەتەوە.
 
سیترینۆڤیچ گوتی، "بەو پێیەی رژێمی ئێستا لە تاران خۆی بەدەستەوە نادات، کەواتە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاوەکو رووخانی تەواوەتیی دەسەڵاتەکە بەردەوام دەبێت. هەر ئەنجامێکی دیکە جگە لەوە، بە شکست بۆ واشنتن هەژمار دەکرێت، وێڕای هەموو سەرکەوتنە مەیدانییەکان."