جیهان لەبەردەم قەیرانی گازی شلدا؛ نرخەکان بەرزدەبنەوە و وڵاتان دەگەڕێنەوە بۆ وزەی خەڵووز
رووداو دیجیتاڵ
هێرشی درۆنیی بۆ سەر کێڵگەیەکی گەورەی وزە لە قەتەر، جیهان دەخاتە بەردەم قەیرانێکی گەورە، کێڵگەکە شادەماری ئابووری و گازی قەتەرە، هەناردەی گازی سروشتیی ئەو وڵاتەی پەکخست، بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا تووشی شۆک بوون و نرخی گاز بە رێژەیەکی خەیاڵی بەرزبووەوە، هێرشەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی دەستگەیشتنی چەندین وڵات بۆ وزەی پێویست، لە هیندستانەوە بۆ ئیتاڵیا و نرخی چەندین پیشەسازیش لە ئەمریکا بەرزدەکاتەوە.
قەتەر کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیستەمی دابینکردنی گازی شلە لە جیهانە،وزەیەکە بەراورد بە خەڵوز کەمتر ژینگە پیس دەکات، زۆر وڵاتیش داوای دەکەن و خواستی زۆری لەسەرە چونکە گواستنەوەی بە کەشتی و کۆگەکردنی ئاسانە، هەروەها بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەقامگیری وزە لە چەندین وڵاتدا .
گازەکەی قەتەر کڕیاری نوێی هەیە، ئەوان لە سیئۆلەوە تاوەکو برۆکسل، لەوێشەوە بۆ ئیسلامئاباد بەراورد بە پێشتر خەرجیان زیاتر دەبێ، هۆکارەکەشی هێرشی درۆنی سەر کێلگەی ' رەئس لەفان''ـە لە باشووری دۆحەی قەتەر.
قەتەر ئینیرجی، کە گازی شل بەرهەمدێنێ و هەناردەی دەکات دەڵێ :" بەرهەممان راگرتووە، چوارشەممە پشتڕاستیکردەوە ناتوانێ بەپێی گرێبەستەکان گاز هەناردە بکات .
دیار نییە چاککردنەوەی کێڵگەکە چەندی پێدەچێ و قەتەر ئێنێرجی کەی دەتوانێ دەست بەهەناردەکردنەوەکە بکات، بەڵام شارەزایان دەڵێن ،چاککردنەوەی کێڵگەکە دوو هەفتەی دیکەی دەوێ، هاوشانی ئەوەش وڵاتان بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن بۆ ئەو دۆخەی وەستانی هاوردەهی گازی قەتەر، لەماوەی چەند رۆژێكیشدا نرخی گازی شل ٪40 بەرزبووەوە،لە ئەورووپاش لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخەکە ٪70 بەرزبووەتەوە، قەتەر یەکێکە لە پێنج گەورەترین دابینکەرانی گازی سرووشتی لە جیهاندا .
شارەزایان هۆشداریدەدەن قەیرانی گازی سرووشتی زۆر سەختتر دەبێ لە کاریگەرییەکانی دیکە لە رووی ئابوورییەوە بەتایبەت گەیشتنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان .
پاڤڵ مۆڵچانۆڤ،لێکۆڵینڤان لە ناوەندی رەیمۆند جەیمس دەڵێ: "نەوت بە نزیکەیی لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەناردە دەکرێت، بەڵام گازی شل هەر لە یەک دوو وڵاتەوە دێت لەنێویاندا قەتەر .''
بڕانی لەناکاوی گازی شل چاوەڕێ دەکرێ ژمارەیەکی زۆر وڵات لە ئەورووپا و ئاسیا بخاتە ژێر کاریگەری تووند، بەتایبەت ئەوانەی پشت بە قەتەر دەبەستن، لەگەڵیشیدا نرخەکان بۆ وزە لەنێوخۆی ئەو وڵاتانەدا بەرزدەبنەوە وکارگەکانیش دەکەونە بەر مەترسی داخران .
هەندێک لە وڵاتان مەبەستیانە بگەڕێنەوە سەر کارکردن بە خەڵووز، کە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی دەردانی بڕێکی زۆر گازی ژەهراوی و پیسبوونی ژینگە .
بەپێی قسەی بەرپرسانی بەنگلادیش وڵاتەکە دەستیکردووە بە زیادکردنی بەکارهێنانی خەڵووز، تایوانیش هەمان بژاردە تاوتوێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە لە بازاڕەکانی ئاسیا.
ژی ژین چۆنگ، بەرپرسی بەشی گازی ئاسیا لە S&P دەڵێت:" وڵاتان هەوڵدەدەن لە ناوچەی دیکەوە گازیان دەستبکەوێ.'
بەڵام بەرهەمهێنەرانی گاز لە ئەمریکا، ئوسترالیا، مالیزیا بڕی کەمی یەدەگیان هەیە بیفرۆشن،ئەوەش وا دەکات ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکان زیاتر بێ، بۆیە وەکو چۆنگ دەڵێ :" ئەگەر نرخەکە ئەوەندە بەرزببێتەوە دەستکەوتنی گران بێ، بازاڕەکانی ژاپۆن،کۆریای باشوور، تایوان،هیندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا خەڵووز دەکەنە بژاردەی یەکەم .
هەندێک لەو وڵاتانەی پشت بە قەتەر دەبەستن، توانای ئەوەیان نییە بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن، هیندستان کە دووەم گەورەترین هەناردەکاری گازی قەتەرە، دابینکردنی گاز بۆ بەکارهێنەران لە پیشەسازیدا بڕاوە، کارگەکانی سیرامیک لە هیندستان لە کارکردن وەستاون، بەهەمان شێوە لە پاکستان کارگەکان گازی پێویستیان دەستناکەوێ و وەستاون .
راچیل زیمبا، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی ئاسایشی ئەمریکای نوێ دەڵێ: "لەکاتێکدا وڵاتان هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە گازی هاوردەکراو، هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ وزەی خەڵووز و بەیەکجاری روودەکەنە ئەو وزەیە، ئەوەش ناچاریان دەکات پشت بە وزەی نێوخۆ ببەستن کە مانای بەکارهێنانی خەڵووزی زیاترە، ئەوە ئەورووپاش دەگرێتەوە لەنێویاندا وڵاتانی وەکو پۆڵاند وئەڵمانیا .
شۆکی بەرزبوونەوە و دەستنەکەوتنی گازی سرووشتی رەنگە بەرەو وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوەش بڕوات، هەندێک لە وڵاتان خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی هیچ پشت بە وزەی قەتەر نەبەستن و روویان لە وزەی پاک کردووە، راچیل زیمبا، لێکۆڵینڤان نموونە بە چین دێنێتەوە و دەڵێ :" لەو چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر پانێلی هەتاوی داناوە لەگەڵ وزەی با، ئەو وڵاتە بەقەد هەموو جیهان سوود لە وزەی با وەردەگرێ .
فەرەنساش رەنگە ئاسانتر لەوانی دیکە لە شۆکی نرخەکانی گاز دەربچێ،چونکە خاوەنی وێاتگەی ئەتۆمی گەورەیە و توانای زۆریان هەیە، زۆر وڵاتی ئەورووپیش وەبەرهێنانیان زیاتر کردووە لە وزەی پاکدا، هۆکارەکەشی ئەو بۆشاییە بوو لە 2022 بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دروست بوو .
سەرەڕای هەوڵەکان بەڵام کاریگەرییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی جەنگ بە روونی لە ئاسۆی وڵاتاندا دەرکەوتووە، بەردەوامی جەنگەکەش وایکردووە وڵاتان بەرچاویان روون نەبێ لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناخی داهاتوو .