بەریتانیا چوار کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئێران دەستگیر کرد
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، چوار کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی، کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، دەستگیر کردووە. گومانلێکراوەکان چاودێریی شوێن و کەسایەتییەکانی سەر بە کۆمەڵگەی جووەکانیان لە لەندەن کردووە.
رۆژی هەینی 6ـی ئاداری 2026، پۆلیسی بەریتانیا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، تیمی دژە تیرۆر لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر چەند ناونیشانێک لە ناوچەکانی "بارنێت" لە باکووری لەندەن و "واتفۆرد"، چوار پیاویان دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بەوەی هاوکاریی دەزگایەکی هەواڵگریی بیانییان کردووە و "چاودێریی" چەند شوێن و کەسایەتییەکیان کردووە کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی جووەکانەوە هەیە لە لەندەن.
هێلین فلانگان، فەرماندەی پۆلیسی دژە تیرۆری لەندەن لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەم دەستگیرکردنانە بەشێکن لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن. ئێمە لە دڵەڕاوکێی خەڵک و بەتایبەتی کۆمەڵگەی جووەکان تێدەگەین، داوایان لێدەکەین وەک هەمیشە چاوکراوە بن و هەر شتێکی گوماناوییان بینی، پەیوەندیمان پێوە بکەن."
سەبارەت بە ناسنامەی دەستگیرکراوەکان، پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێکیان ئێرانییە و سێ کەسەکەی دیکە هەڵگری وەڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانین.
هەر لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا، شەش کەسی دیکەش بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی تاوانباران" لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.