وڵاتانی ناتۆ بێهیوا دەبن.. ئایا ئەمریکا لە هاوپەیمانییەکە دەکشێتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ناتۆ وردە وردە هیوایان بە مانەوەی ئەمریکا لەنێو هاوپەیمانییەکەدا کەم دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وڵاتانی ئەورووپای تۆمەتبار کرد بەوەی لە جەنگی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمزدا پشتیان تێکردووە.
ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتانی ناتۆ بە میدیاکانی بەریتانیایان راگەیاندووە، نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز. هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند پۆستێکدا هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و رایگەیاند، لە جەنگی ئێراندا هاوکاریی واشنتنیان نەکردووە. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش هەڕەشەی کرد و گوتی، "ئەگەر ناتۆ هاوکار نەبێت، مانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە هیچ بەهایەکی نامێنێت."
ئیڤۆ دالدەر، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ناتۆ، دۆخەکە بە "خراپترین سات" بۆ هاوپەیمانییەکە وەسف دەکات و دەڵێت، "لەبری ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا تەنیا هەوڵی رازیکردنی ترەمپ بدەن، پێویستە بیر لە بەهێزکردنی توانای سەربازیی خۆیان بکەنەوە."
هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا بەرامبەر داواکارییەکانی ئەمریکا تووندە. ئیسپانیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا داخستووە. فەرەنسا تەنیا پاڵپشتیی وڵاتانی کەنداو دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران، نەک هێرشکردنە سەر خاکی ئەو وڵاتە.
بەریتانیا هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتیی هێرشەکانی ئەمریکای رەتکردووەتەوە و دەڵێت، "بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان" کار دەکەن، نەک فەرمانی ترەمپ. بەرپرسێکی فینلاندیش دەڵێت، بێهیوا بوون لە مانەوەی ئەمریکا و داوا دەکات ئەورووپا "سیستمی بەرگریی تایبەت بە خۆی" هەبێت.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی شەشەم. داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە بازاڕەکانی جیهانی شڵەژاندووە و نرخی نەوت و گاز بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئەمەش گوشارێکی ئابووریی گەورەی خستووەتە سەر وڵاتانی ئەورووپا.
بڕیارە رۆژی 8ی نیسان مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی ئەمریکا بکات. لەو سەردانەدا کە تاوەکو 12ی مانگ دەخایێنێت، رووتە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ کۆدەبێتەوە، بەو هیوایەی بتوانێت رێگری لە هەڵوەشانەوەی گەورەترین هاوپەیمانیی سەربازیی جیهان بکات.