ئەندامێکی کۆنگرێس: زمانی ترەمپ بەرامبەر ئێران نەشیاو و بێسەروبەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی باڵای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمریکا رەخنەی تووند لە زمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگرێت لە جەنگی ئێران دا. ئەو ئەندامەی کۆنگرێس هۆشداری دەدات، لێدوانە "نەشیاوەکان"ی سەرۆک متمانەی ئەمریکا لاواز دەکات و رێگەی دیپلۆماسی دادەخات.
 
گریگۆری میکس، ئەندامی باڵای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە ئێران، بەڵام "سەرکەوتنی تەکتیکی بە واتای سەرکەوتنی ستراتیژی نایەت." جەختیشی کردەوە، گەلی ئەمریکا شایستەی وەڵامێکی راستگۆیانەیە لەسەر ئەوەی بۆچی سەربازانی وڵاتەکەیان هێشتا لەناو مەترسیدا دەمێننەوە.
 
رۆژی هەینی ئێران خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکیی لە خاکی وڵاتەکەیدا بڵاوکردەوە و دوێنێش سەرۆکی ئەمریکا رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی راگەیاند.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس گوتی، "دەبێت سەرۆک ئێستا روو بکاتە دیپلۆماسییەکی جیددی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی کارمەندەکانمان و کۆتاییهێنانی ئەم جەنگە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە."
 
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا بە زمانێکی تووند و هەڕەشەئامێز بەرامبەر بە تاران نووسی، "رۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە رۆژی وێستگەی کارەبا و رۆژی پردەکان، هەمووی پێکەوە. شتی وا نابێت!!! تەنگە نەفرەتییەکە بکەنەوە، ئەی تێکدەرە شێتەکان، ئەگەرنا لە دۆزەخدا دەژین - تەنیا تەماشا بکەن! سوپاس بۆ خودا."
 
ئەندامەکەی کۆنگرێس جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە زمانەی سەرۆک "نەشیاو و بێسەروبەرە" و نیشانەی هێز نییە، بەڵکو مەترسیی هەڵسەنگاندن زیاد دەکات و دیپلۆماسی قورستر دەکات. داواشی کرد سەرۆکی وڵاتەکەی لەبری ئەم گوتارە پڕ لە پڕوپاگەندانە، پلانێکی جێگەی متمانە و روون بۆ کۆتاییهێنانی بەرپرسیارانە بەم جەنگە پێشکەش بکات.
 
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێشی. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە تاران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهانی پێدا دەڕۆشت.