ترەمپ: لەو خەڵکە تووڕەم کە دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانمان نارد

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان چەکیان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران نارد بەڵام گرووپێک بۆخۆیان هەڵگرت و دەبێت باجی ئەوە بدەن دەشڵێت، دەتوانن بە زووترین کات کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنن، بەڵام ئەوە ناکەن تاوەکو بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان. 
 
رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی و یادکردنەوەی جەژنی هەستانەوەدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە ناردنی چەک بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران رایگەیاند، "ئەو چەکانەی کە پێویست بوو بگەیەندرێنە خۆپێشاندەرانی ئێران لەلایەن گرووپێکەوە دەستیان بەسەرداگیرا"، دەشڵێت: "توڕەم لەو گرووپە و دەبێت باجێکی قورسی ئەو کارەیان بدەن". 
 
کۆتایی کانوونی یەکەمی پار، خۆپێشاندان لە تاران دەستیپێکرد و تاوەکو کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام بوو. بە گوێرەی گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لەو خۆپێشاندانانەدا نزیکەی 45 هەزار کەس کوژران. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەمڕۆ خۆپێشاندەرانی ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان ئەوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێدەکرێت و دەکوژرێن، ئەمەش شتێکە نایانەوێت رووبدات. 
 
ترەمپ: پێشنیازی ئاگربەست هەنگاوێکی گرنگ بوو 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا گفتوگۆی ئاگربەست لەنێوان وڵاتەکەیان و ئێران دا هەیە بەڵام رۆژی سێشەممە (بەکاتی ئەمریکا و چوارشەممە بەکاتی هەولێر) دوا مۆڵەتە بۆ رێککەوتن. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چوار سەرچاوەی ئیسرائیلی، ئەمریکی و ناوچەکەوە بڵاویکردەوە، پاکستان، تورکیا و میسر پێشنیازێکیان بۆ ئاگربەست داواتە هەردوولا بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "هێشتا" سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازەکەی پەسند نەکردووە. 
 
پێشنیازەکەی پاکستان سەرەتا داوای ئاگربەستێکی 45 رۆژی و پاشان هەمیشەیی دەکرد لە دوو قۆناخدا. لە قۆناخی یەکەمدا ئەمریکا و ئێران ژمارەیەک رێکار لەبارەی پرسی ئەتۆمی و ژمارەیەک پرسی دیکە بگرنەبەر بۆ دروستکردنی متمانە لەلای یەکدی. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوانەی ئێستا دانوستاندیان لەگەڵدا دەکەن کەسانی ژیرن و لە بەرەی تووندڕەوەکان نین. ئێستا دەتوانین لە جەنگی ئێران بچینە دەرەوە، بەڵام دەمەوێت کارەکە تەواو بکەم". جەختی لەوەش کردەوە، "جەنگەکە دەکرێت بە خێرایی کۆتایی بێت ئەگەر ئەو کارە بکەن کە پێویستە بیکەن". 
 
ترەمپ: نەوتی ئێران دەوێت
 
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ژێرخانی نەوتی ئێران رایگەیاند، 'ئەگەر بەدەست من بێت، دەست بەسەر نەوتەکەیان (نەوتی ئێراندا) دەگرم". 
 
ئەو رەتیکردەوە جەنگەکە بۆ نەوت بێت و گوتی، "جەنگەکە پەیوەندی بە یەک ئامانجەوە هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت". 
 
حوزەیرانی رابردوو و لە کاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا، ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان ئێران کە ئەوانیش ئیسفەهان، فۆردۆ و نەتەنز بوون. ئەو کات سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، توانا و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەنێوبردوون. 
 
لەم جەنگەشدا بەرپرسانی ئێران لانیکەم پێنج هێرشی ئەمریکا-ئیسرائیلیان بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی ئیسفەهان پشتڕاستکردووەتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش داوای راگرتنی ئەو هێرشانەی کردووە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا: ئاستی یەکەم و دووەمی سەرکردەکانی رژێممان لەنێوبردوون 
 
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە سەرکردایەتی ئێستای ئێران رایگەیاند، "گۆڕینی رژێم بە تەواوی لە ئێران روویداوە". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا وئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. تاوەکو ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل کوشتنی نزیکەی 100 سەرکردە و فەرماندەی باڵای ئێرانیان پشتڕاستکردووەتەوە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێرانە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا سەرکردایەتی ئاستی یەکەم و دووەمی ئێرانیان لەنێوبردوون". ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سەرکردانەی ئێستا ئێران هەیەتی "ژیرترن و کەمتر تووندڕەون". 
 
ترەمپ نیگەرانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئەمریکایە سەبارەت بە جەنگەکە 
 
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە جەنگەکە رایگەیاند، "بەداخەوە، بەشێکی هاووڵاتییانی ئەمریکی دەیانەوێت (سەربازەکانمان) بگەڕێنەوە" وڵات. 
 
بە گوێرەی دوایین راپرسی میدیای ئەمریکا، نزیکەی 60٪ی هاووڵاتییانی ئەمریکی دژی بەردەوامی جەنگی ئێرانن. ئەوان زۆرینەیان داوا دەکەن کۆتایی بە جەنگەکە بێت و سەربازەکانیان بگەڕێنەوە ئەمریکا. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، واشنتن نزیکەی 50 هەزار سەربازی بۆ جەنگی ئێران ناردووە و زیاتر لە 20 هەزاری دیکەش لە رێگەدان. 
 
بەشێکی نیگەرانی ئەمریکییەکان سەبارەت بە جەنگەکە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کاڵاکانەوە هەیە. لە دووەم رۆژی جەنگەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی 100 کەشتی بە تەنگەکەدا دەڕۆشتن، بەڵام ئێستا نزیکەی هەشت کەشتی رۆژانەیە. 
 
رۆژی دەستپێکی جەنگی ئێران، بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72 دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام ئێستا  سەرووی 100 دۆلاری ئەمریکییە.