رووسیا و ئێران جەخت لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، شەشی ئایاری 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاوی کردەوە: "مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە ویستی هاوبەش بۆ پەرەدان بە هاوکاریی ستراتیژی و جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی هاوکاری هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە".
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران: "هەردوولا بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندنیان بۆ پێشکەوتنی هاوکاری و پڕۆژەی هاوبەش بە تایبەت لە بواری بانک، گواستنەوە و رێگاوبان و وزە کرد".
بە پێی راگەیێندراوەکە، مەسعود پزیشکیان و ڤلادیمیر پووتین "رێککەوتنی هەمەلایەنەی هاوکاریی ستراتیژی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان بە نیشانەیەکی روونی بەهێزیی پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ و خاڵی وەرچەرخان لە بەهێزکردنی هاوکارییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ئەمنییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیا زانی و جەختییان لە ویستی بەرپرسانی باڵای دوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو رێککەوتنە کردەوە".
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، "ڤلادیمیر پووتین هیوای سەرکەوتنی بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا خواستووە و رایگەیاندووە، رووسیا ئامادەیە هاوکاری تەکنیکیی پێویست لەو نێوەندەدا پێشکێش بکات".
17-01-2025، سەرۆکانی رووسیا و ئێران لە کرێملن "رێککەوتنی ستراتیژیی گشتگیر"ـیان واژۆ کرد. رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیش بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمییەوە لەژێر گەمارۆی سەختی وڵاتانی رۆژئاوادان.