فرێدریک مێرتز دەنگی پێویستی بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا بەدەست نەهێنا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هاوپەیمانێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتی کریستیان سۆسیالیست CDU/CSU لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا رێککەوتن لەسەر ئەوەی فرێدریک مێرتز بکەنە راوێژکاری ئەو وڵاتە، راوێژکارە دەستنیشانکراوەکە نەیتوانی لە پەرلەمان دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) بۆ هەڵبژاردنی راوێژکاری نوێی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
مێرتز پێویستی بە 316 دەنگ بوو، بەڵام توانی 310 دەنگ بەدەستبهێنێت و 307 ئەندامیش لە دژی دەنگیان دا.
پەرلەمانی ئەڵمانیا رێگە دەدات دوو جاری دیکە دەنگدان بۆ راوێژکاری ئەو وڵاتە بکرێت، لە خولی سێیەم و کۆتایی، ئەوەی دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە راوژێکاری داهاتوو.
هەڵنەبژاردنی مێرتز وەکو راوێژکاری وڵاتە پێشبینینەکراو بوو، لەبەر ئەوەی مێرتز لەلایەن هاوپەیمانی CDU/CSU و سۆسیال دیموکراتە چەپەکانەوە پاڵپشتی دەکرا و هەموویان پێکەوە خاوەنی 328 کورسی پەرلەمانین.
سێ ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمانێتییەکە دەنگیان نەدا، دەنگی یەکێکیان پووچەڵ کرایەوە و نۆ ئەندام پەرلەمانیش ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
لەوکاتەوەی کە پارتەکەی براوەی هەڵبژاردنەکانی شوبات بوو، مێرتز بەربژێری سەرەکی بوو بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا.
یەکەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتە، راوێژکارێکی دەستنیشانکراو نەتوانێت دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت. دانیشتنەکەش دواخرا، چونکە پارتە سیاسییەکان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو راوێژ دەکەن.
بڕیاری دەستبەجێی مێرتز ئێستا ئەوە دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بڕیار بدات ئایا دەبێت بچێتە گەڕی دووەمی دەنگدان، یان بکشێتەوە و رێگە بۆ کەسێکی دیکە خۆش بکات بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو، خۆی بەربژێر بکات.
پارتی راستڕۆی توندۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە لە هەڵبژاردنی مانگی شوباتدا دووەم بوو، کەڵکی لە شکستەکەی مێرتز وەرگرت.
ئالیس ڤایدێل، هاوسەرۆکی پارتەکە لە ئێکس نووسیویەتی، دەنگدانەکە "بنچینەی لاوازی هاوپەیمانیەتی بچووکی نێوان [پارێزگاران] و SPD پێشان دەدات، کە لە لایەن دەنگدەرانەوە رەتکرایەوە".
هاوپەیمانیی CDU/CSUی مێرتز و هاوبەشەکانی داهاتوویان، واتە سۆسیال دیموکراتەکان (SPD)، بەڵێنیان داوە ئابوورییە لاوازەکە ببووژێننەوە و سوپا تۆکمە بکەنەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گومانی خستووەتە سەر داهاتووی پەیوەندییە بەرگری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لای زەریای ئەتڵەسی.
مێرتز هەروەها بەڵێنی داوە رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات و نەهێڵێت پارتی دژە کۆچبەریی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) باڵادەست بێت، کە لە هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی مانگی شوباتدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.