واشنتن و تاران لە رێککەوتنێکی مێژوویی نزیک دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، واشنتن و تاران زۆر نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی "یەک لاپەڕەیی" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار کە بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس قسەیان کردووە، کۆشکی سپی پێیوایە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی رێککەوتنێک کە چوارچێوەیەک بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان دادەنێت. واشنتن چاوەڕوان دەکات لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی تارانی لەبارەی چەند خاڵێکی سەرەکی بەدەست بگات.
نێوەڕۆکی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە
یاداشتنامە پێشنیازکراوەکە لە 14 خاڵ پێکدێت و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپەوە دانوستاندنی لەسەر دەکرێت. تەوەرە سەرەکییەکانی بریتین لە:
کۆتاییهێنان بە جەنگ: راگەیاندنی وەستانی شەڕ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی دانوستاندنی چڕ بۆ ماوەی 30 رۆژ.
پڕۆگرامی ئەتۆمی: ئێران پابەند دەبێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن (کە لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵدایە). ئەمریکا داوای 20 ساڵ و ئێران داوای 5 ساڵی کردووە.
ئازادکردنی پارە و سزاکان: ئەمریکا ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکات و بە قۆناخبەندنی سزاکان لادەبات.
تەنگەی هورمز: هەردوولا کۆتوبەندەکانی سەر هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەکە لادەبەن و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هەڵدەگیرێت.
مەرجە تووندەکانی واشنتن
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەمریکا داوای کردووە ئێران تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە وڵاتەکەی بباتە دەرەوە، کە پێدەچێت رەوانەی ئەمریکا بکرێت. دوو سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئێران رازی بووە و یەکێکیش لە سەرچاوەکان رایگەیاندووە کە هەردوولا گفتوگۆ لەسەر بژاردەی گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ ئەمریکا دەکەن.
هەروەها تاران دەبێت پابەند بێت بەوەی هیچ دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ژێر زەوی بەکارنەهێنێت و رێگە بە پشکنینی "لەناکاو"ی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی بدات.
ئەگەر دانوستاندنەکان لەو ماوەیەی دیاریکراوە (30 رۆژ) شکستیان هێنا، ئەمریکا مافی ئەوەی دەبێت دووبارە گەمارۆی دەریایی بسەپێنێتەوە، یان دەست بە هێرشی سەربازی بکاتەوە.
پاشەکشەی ترەمپ لە هێرشی سەربازی
دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، هۆکاری ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە تەنگەی هورمز پاشەکشەی کرد، بۆ ئەو پێشکەوتنانە دەگەڕێتەوە، کە لە دانوستاندنە نهێنییەکاندا بەدەستهاتوون. بڕیارە ئەگەر یاداشتنامەکە واژۆ بکرێت، خولی نوێی دانوستاندنەکان لە ئیسلامئاباد یان جنێڤ بەڕێوەبچن.