پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران چی تێدایە؟
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بوونەتەوە. ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەکات لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی و ئەگەر هەیە لە 48 کاژێری داهاتوودا پێشکەوتنێکی گەورە بەدیبێت.
ئەو پێشهاتە دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەدا رایگەیاند، جەنگ دەکرێت کۆتایی بێت ئەگەر "ئێران رازی بێت ئەو شتانە بدات کە لەسەری رێککەوتووین." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تاران رەزامەندی نیشان بدات، ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) کۆتایی دێت و گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز لادەبرێت، ئەگەرنا "بۆردوومانەکان بە چڕییەکی زۆر زیاتر لە جاران دەستپێدەکەنەوە."
پێشنیازەکەی ئەمریکا چی تێدایە؟
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس) و (رۆیتەرز)، پێشنیازەکە لێکتێگەیشتنێکی 14 خاڵییە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت. گرنگترین خاڵەکانی بریتین لە:
1. کۆتاییهێنان بە جەنگ و قۆناخی گواستنەوە: راگەیاندنی کۆتاییهاتنی فەرمیی جەنگ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی قۆناخێکی 30 رۆژەی دانوستاندنی چڕ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هەمیشەیی.
2. کردنەوەی تەنگەی هورمز: لادانی سنووردارکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و لادانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
3. پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم: ئێران بۆ ماوەیەک (کە لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵ دایە) پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێت. دوای ئەو ماوەیەش تەنیا بۆی هەیە تاوەکو ئاستی 3.67% پیتاندن بکات.
4. کۆگەی ئەتۆمی: ئێران پابەند دەبێت کە هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت و هیچ بنکەیەکی ئەتۆمیی لەژێر زەویدا نەبێت.
5. پشکنینی نێودەوڵەتی: تاران بە پشکنین رازی دەبێت، لەوانەش پشکنینی کتوپڕ (Snap inspections) لە لایەن پشکنەرانی نێودەوڵەتییەوە.
6. دۆسیەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە: یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێستای ئێرانە بۆ دەرەوەی وڵات (ئەگەری هەیە بۆ ئەمریکا بگوازرێتەوە).
7. هەڵگرتنی بلۆک لەسەر پارەکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی بلۆک لەسەر ملیاران دۆلاری سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی جیهان و لادانی پلەبەندیی سزاکان.
پاشەکشەی ترەمپ و دابەزینی نرخی نەوت
بەهۆی ئەم بەرەوپێشچوونانە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) رابگرێت، کە مەبەست لێی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان بوو لە تەنگەی هورمز. بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ئەم بڕیارە نیشانەی "نیازپاکی" و هەبوونی پێشکەوتنی راستەقینەیە لە دانوستاندنەکاندا.
هەواڵی ئەم رێککەوتنە دەستبەجێ کاریگەریی گەورەی کردە سەر بازاڕەکانی جیهان. نرخی نەوتی خاوی برێنت 11% دابەزی و گەیشتە نزیکەی 98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. وەبەرهێنەران گەشبینن کە کۆتاییهاتنی جەنگ دەبێتە هۆی سەقامگیریی تێچووی وزە لە جیهاندا.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم رێککەوتنەکە
سەرەڕای گەشبینییەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بابەتەکە "زۆر ئاڵۆز و تەکنیکییە." روبیۆ گومانی خۆی نیشانداوە لەوەی ئایا سەرکردایەتیی ئێران، کە بە گوتەی ئەو "دابەش بوون،" دەتوانن بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن یان نا.
لەم لێکتێگەیشتنەدا ئاماژە بە دوو داواکاریی پێشووی ئەمریکا نەکراوە، کە بریتین لە: سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و کۆتاییهێنان بە پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تاران لە ناوچەکە.
ئێستا جیهان چاوەڕێی 48 کاژێری داهاتووە؛ ئایا تاران واژۆ لەسەر ئەم "لاپەڕە چارەنووسسازە" دەکات یان ناوچەکە بەرەو قۆناخێکی نوێ و سەختتری بۆردوومانەکان دەچێت؟