فەرەنسا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارڵ دیگۆل بەرەو تەنگەی هورمز دەجووڵێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی فەرەنسا دەڵێ، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (شارڵ دیگۆل) بەرەو باشووری دەریای سوور بەڕێوەیە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەرکێکی ئەگەری بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی بۆ تەنگەی هورمز.
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، سەرۆکایەتیی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ئەم کەشتییە جەنگییە زەبەلاحەی وڵاتەکەی، کە هێمای هێزی دەریایی فەرەنسایە، ئێستا لە کاتی تێپەڕبوونە لە کەناڵی سوێس.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ژێر گوشارێکی گەورەی جەنگدایە و تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە پەکیکەوتووە.
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێدا هاتووە، جووڵاندنی ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە پەیامێکی روونە بۆ هەموو لایەک و دەڵێ: "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نەک تەنیا ئامادەین بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز، بەڵکو توانای تەواویشمان بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە هەیە."
ئەم پێشهاتە سەربازییە دوای ئەوە هات کە پاریس و لەندەن چەندین هەفتەیە خەریکی پلاندانانن بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی نێودەوڵەتی تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی زیاتری بازرگانیی جیهانی بگرن، کە بەهۆی داخرانی تەنگەکەوە زیانی ملیاران دۆلاری بە ئابووریی ئەورووپا و جیهان گەیاندووە.
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ وەڵامی دانەوە.
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و لەو کاتەوە تەنیا رۆژێک کردوویەتییەوە.
بەرپرسانی تاران دەڵێن، تێپەڕین بە رێرەوەکەدا یان بۆ هەموو وڵاتان دەبێت یان بۆ کەس، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو گەمارۆیەی مانگی رابردوو ئەمریکا خستییە سەر بەندەرەکانی ئێران.