راپۆرتێک: پار 2،653 هێرش کراوەتە سەر بەرپرسانی حکومی و 13یان لە عێراق بوون

رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی داتای 'رووداو و شوێنی پێکدادانە چەکدارییەکان' (ACELD) کە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە پشت بە ئامارەکانی دەبەستن لە راپۆرتێکدا دەڵێت، پار لە جیهاندا دوو هەزار و 653 هێرش کراوەتە سەر بەرپرسانی حکومی، زۆرترینیان لە مەکسیک، هیندستان و میانمار بوون. هەروەها، 36 هێرشیان لە سووریا، 13یان لە عێراق و پێنجیان لە هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیا بوون. 
 
ماڵپەڕەکە لە ئامارەکەیدا دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024دا، لانیکەم 13 هەزار و 900 رووداوی هێرشکردنە سەر بەرپرسانی حکومیمان لە جیهاندا تۆمارکرد، تەنیا پار دوو هەزار و 653 رووداوی هاوشێوەیەیان تۆمارکرد. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، پار زۆرترین هێرش لە مەکسیک کرایە سەر بەرپرسانی حکومی. 
 
ئەو وڵاتانەی زۆرترین هێرشیان تێدا کراوەتە سەر بەرپرسانی حکومی: 
 
مەکسیک: 324 هێرش
هیندستان: 209 هێرش 
میانمار: 186 هێرش 
نەیجیریا: 141 هێرش 
ئیندۆنیزیا: 121 هێرش 
 
لەنێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆرترین هێرش لە سووریا کراوە. لەو وڵاتە 36 هێرشکرایە سەر بەرپرسانی حکومی. 
 
ریزبەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: 
 
سووریا: 36 هێرش
لوبنان: 17 هێرش
عێراق: 13 هێرش
لیبیا: 7 هێرش
ئێران: 5 هێرش 
تورکیا: 5 هێرش
ئیسرائیل: 3 هێرش