سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا "بەهۆی بۆردوومانی رووسیاوە کوژراوە"
رووداو دیجیتاڵ
میدیای رووسیا بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا لە هێرشێکی سوپای رووسیا بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک، بریندار بووە، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئۆکراینا ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2023، کەناڵی RT کە سەر بە حکومەتی رووسیایە، رایگەیاند، لەنێو میدیاکانی ئۆکراینا وا بڵاوکراوەتەوە، کە کیریلۆ بودانۆڤ، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا، گیانی لەدەستداوە.
نێوەندی ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست، لە رێگەی تێلێگرامەوە زانیارییەکانی سەبارەت بە کوشتنی بودانۆڤ، رەتکردەوە.
نێوەندە ئۆکراینییەکە رایگەیاند: "هەموو ئەو زانیاریی و راپۆرتانەی کە باس لە گیانلەدەستدانی بودانۆڤ دەکەن، پڕوپاگەندەن."
کەناڵە رووسییەکە کە پشتی بە هەندێک میدیای ئۆکراینی بەستووە، رایگەیاند: "بۆدانۆڤ، لە هێرشێکی مووشەکی گیانی لەدەستداوە. ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بنێژرێت."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 25ـی ئایاری 2023، بودانۆڤ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "لە رووبەڕووبەنەوەکانی ناوچەی دۆنباسی سەر بە هەرێمی دۆنێتسک، ساچمەیەک بەر نزیک دڵم کەتووە و بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانم."