یەکەم کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە چووەتە ئەڵمانیا قسە بۆ رووداو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جم هادی، کوردێکی ئێزدیی خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و یەکەم کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریایە چووەتە ئەڵمانیا، دەڵێت، لەگەڵ خوشکەکەی یەکەم نەورۆزیان لە شاری بۆن کردووەتەوە.
جم هادی لە ساڵی 1962، واتە 61 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی غەزال چوونەتە ئەڵمانیا. دلبخوێن دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ جم هادی گفتوگۆی کردووە و ئەو چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
وەکو هاونیشتمانییە 94 ساڵییەکە باسی دەکات کە بە بیرێکی تیژەوە قسەی کرد و هەموو شتێکی لەبیرە، پێش ئەو؛ هیچ کوردێک لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا نەچووەتە ئەڵمانیا، ئەو خوشک و برایە یەکەم کوردن کە چوونەتە ئەو وڵاتە و لە شاری بۆن نیشتەجێ بوون.
"یەکەم نەورۆزمان لە ئەڵمانیا کردووەتەوە"
جم چیرۆکی چوونی بۆ ئەڵمانیا باس دەکات و دەڵێت، سەرەتای ساڵی 1961 بە شەمەندەفەر چووەتە ئەو وڵاتە، "ئەوکات جگە لە ئێمە، هیچ کوردێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئەڵمانیای نەبینی بوو، بەڵام تورک لەوێ زۆر بوون."
دوای ئەوان، رێگە بۆ خەڵکی دیکەیش بووەوە کە روو لە ئەڵمانیا بکەن. جم هادی دەڵێت، هاوکاریی هەموو ئەو کەسانەیان کردووە کە دوای خۆیان هەوڵیان داوە بگەنە ئەڵمانیا. دەشڵێت، دەیان کەس لە رێگەی ئەوان و بە هاوکاریی خۆی و خوشکەکەی گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.
هاونیشتمانییە تەمەن 94 ساڵییەکە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و ئاماژە بەوەش دەکات کە لە شۆڕشی ساڵی 1975 ماڵیان وەکو کۆگەی دەرمان بەکارهێناوە و دەرمانیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
جم هادی کە ئێستا ریشێکی سپی هەیە، سمێڵێکی درێژی هێشتووەتەوە و دەموچاوی پیری پێوە دیارە، گوتیشی، سەرەتای گەیشتنی بە ئەڵمانیا، دەستی بە کاری بیناسازی کردووە، لەبەرامبەردا بەو بڕە پارەیەی کە وەری دەگرت، بژێویی خۆی و خوشکەکەی دابین دەکرد.
جم کە لەگەڵ هاوژینەکەی (دایکی زەردەشت) لە شارۆچکەی مانهایم لە سنووری پارێزگای بۆن دەژین، باس لەوەش دەکات، لەگەڵ غەزالی خوشکی یەکەم کەس بوون کە نەورۆزیان کردووەتەوە و لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆر لە ئەڵمانی و وڵاتانی دیکە بەشدار بوون.
لەو کاتەوە یەک جار گەڕاوەتەوە عەفرین
جەم هادی لەوکاتەوەی چووەتە ئەڵمانیا، تەنیا یەک جار گەڕاوەتەوە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، لەبەر ئەوەی بەڵگەنامە و پاسپۆرتەکانیان لێ وەردەگیران و دەستگیر دەکران، بۆیە نەیتوانی زوو زوو بگەڕێتەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا یەکجار گەڕاوەتەوە.
نووسەر ئیبراهیم شێتلۆ لەبارەی جم هادییەوە دەڵێت، هەر کەسێک کە دەچووە ئەڵمانیا، یەکەم شوێن دەچووە ماڵی ئەو هاونیشتمانییە، ئەویش هەرچی پێویست با بۆی دەکرد، کارەکان لەگەڵ حکومەت، پۆلیس و هەموو مامەڵەکانی دیکەی بۆ راییدەکردن، هەندێک جار 10 کورد بەیەکەوە لە ماڵەکەیدا دەمانەوە و خواردن و خواردنەوەیشی بۆ دابین دەکردن.
ئەو نووسەرە باس لەوەش دەکات، لە سەردەمی شۆڕشی 1975 لە باشووری کوردستان، ماڵی خاڵە جم وەکو کۆگەی دەرمان وابوو، لەوێوە دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرا.