وڵاتانی رۆژئاوا پلانی پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکیان دژی ئێران هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک دیپلۆماتکاری وڵاتانی رۆژئاوا رایانگەیاند، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا سەرقاڵی پلاندانانن بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران. ئەمەش لەبەرئەوەی بە باشی هاوکاری تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ناکات لەکاتی سەردانیان بۆ ناوەندە ئەتۆمییەکانی.
رۆژی پێنجشەممە، پێنجی حوزەیرانی 2025، ژمارەیەک سەرچاوەی دیپلۆماسی رایانگەیاند، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا بڕیارنامەیەک پێشکێشی بۆردی بەڕێوەبردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژی ئێران دەکەن. دەشڵێن، ئەگەری هەیە بڕیارنامەکە پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بکرێت.
رۆژی 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسەکە ئێرانی تۆمەتبارکرد بەوەی هاوئاهەنگی پێویست لەگەڵ تیمەکانیان بۆ پشکنینی ناوەندە ئەتۆمیەکانیان ناکەن. لەوبارەیەوە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا "بڕیارنامەیەک دەخەنە سەر مێز" بۆ ئەوەی ئێران بە هاوکارنەبوون لە پابەندییە ئەتۆمییەکانی دابندرێت.
بە گوێرەی دوو لەو سەرچاوە دیپلۆماسییانە، ئەگەر بڕیارنامەکە پەسندبکرێت، ئەوا گوشاری زیاتر دەخرێتە سەر ئێران. ئاماژە بەوەش دەکەن، پێشبینی دەکەن رۆژی 11ـی حوزەیران لە کۆبوونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا دەنگ لەسەر بڕیارنامەکە بدرێت.
هەفتەی رابردوو، ئێران راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رەتکردەوە و تۆمەتبارکردنی بە پلانگێڕیەکی "سیاسی" دانا، ئیسرائیلیشی تۆمەتبارکرد بەوەی زانیاری "هەڵە و چەواشەکاری" بە ئاژانسەکە داوە.
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، ئێران بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن، تۆمەتێک کە بەرپرسانی وەڵاتەکە رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، پرۆگرامی ئەتۆمییان بۆ مەبەستی ئاشتییە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان گوتیشیان، بڕیارنامەکە دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایش و لەوێشەوە دوایین دەرفەت بە ئێران دەدرێت بۆ ئەوەی پابەندبوونە ئەتۆمییەکانی جێبەجێبکات، ئەگەرنا سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.
مەرجی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، نەبوونی چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمە. بەرپرسانی تارانیش رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن.
دوێنێ، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم "100٪" دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی.