حکومەتی بەریتانیا شۆڕشی وزەی خۆری راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، 1.5 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ تاوەکو ساڵی 2029 لەو وڵاتە دروستدەکرێن و هەمووشیان دەبێت پانێڵی وزەی خۆر لەسەر بانەکانیان دابنرێت. حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت لەو رێگەیەوە کێشەی کەمیی وزە و شوێنی نیشتەجێبوون چارەسەر بکات.
 
رۆژی هەینی، 6ی حوزەیرانی 2025 حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردەوە، پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2029، یەک ملیۆن و نیو یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دروستبکەن بۆئەوەی کێشەی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکەیان چارەسەر بکەن.
 
ئیدوارد میلیباند، وەزیری وزەی بەریتانیا رایگەیاند، پلانەکە "هەنگاوێکی گەورەیە". حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، یەکە نوێیەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و خەرجی وزە و بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتەکە لە رێگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە.
 
حکومەتی بەریتانیا دەشڵێت، لە رێگەی ئەم پلانەوە خەرجی هەر ماڵێکی نێو ئەو یەکانە تێکڕا 717 دۆلار لە یەکەکانی دیکە کەمتر دەبێت.
 
بەریتانیا نزیکەی 4.3 ملیۆن بۆ 4.7 ملیۆن یەکە کورتهێنانی لە کەرتی نیشتەجێبوون هەیە. ئێستا ئەو وڵاتە کورتهێنانی لە کارەبادا نییە، بەڵام لە وەرزی سەرمادا کێشە دروست دەبێت.
 
بە گوێرەی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا، پار 371 ملیۆن تۆن گازی دوانۆکسیدی کاربۆن لەو وڵاتە دەردراوە لەکاتیکدا پێرار بڕەکە 384 ملیۆن تۆن بووە.