کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، جەنگی ئۆکراینا پەیوەندی بە ئاسایش و داهاتوویانەوە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کرێملین رۆژی هەینی رایگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا "پرسی بوون و نەبوونە" بۆ وڵاتەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە لانیکەم 4 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەم لێدوانانە نوێترین هەوڵی مۆسکۆن بۆ کزکردنی هیواکان بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنێکی بەرچاو لەبارەی جەنگەکە، لە کاتێکدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕوپڕ لەنێوان شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا، هەروەها پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراون، کە ئامانج لێیان راگرتنی جەنگەکە بووە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رۆژی هەینی بە رۆژنامەنووسانی گوت، "بۆ ئێمە ئەم جەنگە پرسێکی بوون و نەبوونە، بابەتێکە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی نیشتمانی، ئاسایشمان، داهاتوومان و داهاتووی نەوە و وڵاتەکەمانەوە."
لێدوانەکانی پێسکۆڤ کەمێک دوای ئەوە هاتن کە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان هێرشێکی "بەرفراوانی" مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان "وەک وەڵامێک" بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی کیێڤ بۆ سەر خاکەکەیان ئەنجامداوە.
پێش وتووێژەکانی ئەم هەفتەیە لە ئیستەنبووڵ، هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراینا، زیانی بە فڕۆکە سەربازییەکانی هەڵگری توانای ئەتۆمی لە بنکە ئاسمانییەکانی رووسیا گەیاند.
پووتین بە ترەمپی گوتبوو، تۆڵەی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکاتەوە کە ماوەی 18 مانگ پلانی بۆ دانرابوو و تێیدا ئۆکراینا زیاتر لە 100 درۆنی بە قاچاخ بردبووە نێو رووسیا، لە نزیک بنکە ئاسمانییەکانی رووسیا داینابوون و لە هێرشێکدا بەکاریهێنان.
"دانوستاندن گاڵتەجاڕییە"
سەرەڕای گەڕی کۆتایی وتووێژەکانی ئاشتی، پووتین چەندین جار ئاگربەستی رەتکردووەتەوە و لەبری ئەوە کۆمەڵێک داواکاریی خستوونەتە بەردەم ئۆکرانیا، ئەگەر بیەوێت جەنگەکە بوەستێنێت.
ئەو داواکارییانە بریتین لە کشاندنەوەی هێزەکان لەو چوار هەرێمەی رووسیا بانگەشەی خاوەندارێتییان دەکات، بەڵام سوپاکەی بە تەواوی کۆنترۆڵی نەکردوون؛ کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی سەربازیی رۆژئاوا و قەدەخەکردنی بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داواکارییەکانی رەتکردوونەتەوە، پرسیاری لەبارەی سوودی دانوستانی زیاتری لەو شێوەیە کردووە و داوای کۆبوونەوەیەکی لووتکەی کردووە، کە خۆی و پووتین و ترەمپ تێیدا ئامادەبن.
کیێڤ دەڵێت، بۆردوومانە تۆڵەسەندنەوەکەی رووسیا لە رێگەی 45 مووشەک و 407 درۆن ئەنجام دراوە.
زێلێنسکی، کە چەندین جار گوتوویەتی رووسیا دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت، لە وەڵامدا داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد "بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە" گوشارەکان لەسەر رووسیا زیاد بکەن.
ئالیسیا، دانیشتوویەکی کیێڤ و پسپۆڕی بواری بازاڕگەری، لە نزیک یەکێک لە شوێنی هێرشەکان لە کیێڤ گوتی، "ئایا دەبێت ئیدی باوەڕ بە ئاگربەست بکەین؟"
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی، "پێم وایە گاڵتەجاڕییە و هەر لە سەرەتاوە روون بوو کە هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نابێت."
زێلێنسکی دەڵێت، لانیکەم سێ کەس لە پایتەخت کوژراون. وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاند، لە شاری لوتسک لە رۆژئاوا، تیمەکانی رزگارکردن تەرمی پیاوێکیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی نۆ نهۆمی دۆزیوەتەوە.