یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە گواستنەوەی کۆمپانیاکانی مەسک بۆ ئەورووپا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، پێشوازی لە گواستنەوەی کۆمپانیا و کارە بازرگانییەکانی ئیلۆن مەسک لە ئەمریکاوە بۆ ئەورووپا دەکەن. بەرپرسێکی کۆشکی سپییش دەڵێت، سەرۆکی وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە قسە لەگەڵ بازرگانەکە بکات. ئەمەش دوای ئەوەی گرژییەکانی نێوان مەسک و سەرۆکی ئەمریکا تەقینەوە.
رۆژی هەینی، 6ی حوزەیرانی 2025 پاولا پینهۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی کۆمپانیا و کارە بازرگانییەکانی مەسک لە ئەمریکاوە بۆ ئەورووپا، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بە گەرمی "پێشوازی" لە هەنگاوی لەو جۆرە دەکەن.
تۆماس ریگنەر، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش بۆ کاروباری تەکنەلۆژی گوتی، "پێشوازی لە هەموو کەسێک" دەکەن بۆئەوەی لە یەکێتیی ئەورووپا دەست بە کاری بازرگانی بکات یان کارەکانی بەرەوپێش ببات.
گوتەی ئەو دوو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دوای ئەوە هات، دوێنێ کێشەکانی نێوان ئیلۆن مەسک، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی کارامەیی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەقینەوە. دواتر، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەردوولا هێرشی تووندیان کردە سەر یەکدی.
هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ هیچ نیازێکی نییە قسە لەگەڵ مەسک بکات.
پاشخانی کێشەکان و پەیوەندییەکانی مەسک و ترەمپ
نزیکەی 135 رۆژ، مەسک وەکو دەستی راستی ترەمپ و بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی کاری کرد، کە ئەرکی فەرمانگەکە "کەمکردنەوەی خەرجییەکان" بوو.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، سەرووی 30 هەزار کارمەند بەهۆی پێشنیازەکانی مەسک، کە ئیدارەی ترەمپ جێبەجێی کردن، لە 5 ئاژانسی فیدراڵی لە کارەکانیان دەرکران. بەهۆی رێکارەکانی مەسکیشەوە تریلیۆنێک دۆلار گەڕێندرایەوە گەنجینەی دەوڵەت.
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە کۆتاییهاتنی کارەکەی مەسک لە ئیدارەی ترەمپ، دوێنێ ناکۆکیی نێوان هەردوولا سەریهەڵدا و بە خێرایی پەرەی سەند.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتی، "ئیلۆن و من پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، بەڵام نازانم ئەگەر چیدیکە ئەو پەیوەندییە بمێنێتەوە یان نا. لە ئیلۆن زۆر بێ هیوا بووم؛ زۆر هاوکاریی ئیلۆنم کرد."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هۆکارێکی ناکۆکییەکە بۆ پرۆژەیاسایەکی ترەمپ تایبەت بە بودجەی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە، کە مەسک پێیوایە قەرزی گشتیی ئەمریکا زیاتر دەکات و وڵات مایەپووچ دەکات. مەسک دژی پرۆژەکە بوو و ترەمپیش مەسکی پشتگوێ خست. هەروەها، پلانی ترەمپ بە هەڵوەشانەوەی بەخشینی باج لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، مەسکی تووڕە کرد، کە خاوەن زۆرینەی پشکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلایە.
بەهۆی رەخنەکانی ترەمپەوە تەنیا دوێنێ بەهای پشکەکانی تێسلا 14% دابەزین.
دوێنێ، مەسک ترەمپی بە "سپڵە" ناوبرد. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپدا مەسک بە سەرووی 250 ملیۆن دۆلار هاوکاریی بانگەشەکانی کرد. مەسک، دەڵێت ئەگەر ئەو نەبوایە ترەمپ هەڵبژاردنی نەدەبردەوە.