رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی هۆڵەندا دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کاربەڕێکەری هۆڵەندا رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد، ئەوەش دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەت هەڵوەشایەوە.
یودیس ئاوتمارک، وەزیری ناوخۆی هۆڵەندا، رۆژی هەینی لە پەیامێکدا گوتی، "هەڵبژاردن لە رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەچێت."
ئەو وەزیرە رایگەیاند، "لەگەڵ شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کار دەکەم بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکە، تاوەکو ئەو رۆژە گرنگە دیموکراسییەمان بێ کێشە تێپەڕێت."
هەڵبژاردنەکە دوای کشانەوەی پارتی بۆ ئازادی (PVV) بە سەرۆکایەتیی خێرت ڤێڵدەرز، سیاسەتڤانی تووندڕۆی دژە کۆچبەر و دژە موسڵمان لە هاوپەیمانێتیی پێکهێنەرانی حکومەت دێت، کە لە چوار پارت پێکهاتبوون. ئەو پارتە راستڕۆیە کشانەوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە داوای لە حکومەت کردبوو رێکارەکان بەرامبەر کۆچبەران تووندتر بکات، بەڵام حکومەت داواکانی رەتکردەوە.
بەشێک لە داواکارییەکانی پارتی بۆ ئازادی، بریتی بوون لەوەی سوپا لە سنوورەکانی وڵات جێگیر بکرێن تاوەکو رێگە لە چوونی نایاسایی کۆچبەران بگیرێت، پرۆسەی داواکردنی مافی مانەوە و پەنابەرێتی رابگیرێت و سووریاییەکانیش دیپۆرت بکرێنەوە، چونکە بەشێک لەو وڵاتە سەلامەتە و دەکرێت سووریاییەکان بۆ ئەو بەشەی دیپۆرت بکرێنەوە.
ئەو پارتە راستڕۆیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023دا 37 کورسیی لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمان بەدەستهێنا.