شەڕی بەهێزترین و دەوڵەمەندترین؛ 'ترەمپ بیر لە فرۆشتنی تێسلاکەی دەکاتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
چی روودەدات کاتێک دەوڵەمەندترین کەس و بەهێزترین سیاسەتڤان دەکەونە شەڕێکی قورس و بێ پسانەوە؟ جیهان خەریکە ئەوە دەبینێت و لە دیمەنێکی خۆشیش ناچێت، بەتایبەتی بۆ ئەمریکییەکان.
پێکەوەبوونی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، سەرۆکی دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان لەگەڵ دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، وادەردەکەوت هاوڕێیەتییەکی نموونەیی بێت، بەڵام 10 رۆژی رابردوو شایەتی ئەوە بوو کە پەیوەندیی ئەو دووانە لە ناکۆکییەکی سادەوە بەرەو دووژمنایەتییەکی سەخت چوو.
فرۆشتنی تێسلا
رۆژی هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی کۆشکی سپی کاتێک لەبارەی ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی ترەمپ پرسیاری لێکرا، گوتی، ترەمپ بیر لە فرۆشتن یان بەخشینی ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە.
نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییە سوورەکەی ترەمپ 80 هەزار دۆلارە و لە گەراجی کۆشی سپیدا پارک کراوە. ئەوە رۆژێک دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسکی گەورە سەرمایەداری ئەمریکا دێت.
رۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوەی ترەمپ و مەسک هێرشیان کردە سەر یەکدی، پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا زیاتر لە 14٪ دابەزین، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە نزیکەی 100 ملیار دۆلار لە بەهاکەی لەدەستبدات، بەڵام لە ئەمڕۆ هەینییەوە پشکەکانی کۆمپانیاکە دەستیان بە بەرزبوونەوە کرد.
ترەمپ کە رێگەی پێنادرێت وەک سەرۆک شۆفێری بکات، لە ئاداری ئەم ساڵدا وەک پاڵپشتییەک بۆ کۆمپانیای تێسلا، ئۆتۆمبێلێکی کڕی، ئەوەش دوای ئەوەی کە بەهۆی رۆڵی مەسکەوە لە کەمکردنەوەی هەلی کار لە حکومەتی ئەمریکادا کۆمپانیاکە زیانێکی زۆری بەرکەوت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو کاتە ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆشکی سپی نمایشکرد، بە "بەرهەمێکی" نایاب ناوی برد.
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی و مارگۆ مارتن، راوێژکاری پەیوەندییەکانی ترەمپ هەفتەی رابردوو وێنەیەکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا گرتبوو.
مارگۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "تێسلاکەی سەرۆک ترەمپمان بۆ گەشتێک بردە دەرەوە."