لە ترسی تاوانکاران، سوێد چاوپێکەوتنی رووبەڕوو بۆ پێدانی وڵاتینامە زیاد دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سوێد بڕیاری داوە بە مەرجی نوێ و چاودێریی زۆرتر پاسپۆرت بداتە ئەوانەی لە سوێدن و بەنیازن وڵاتینامە داوا بکەن یان داوایان کردووە.
 
فەرمانگەی کۆچبەرانی سوێد رایگەیاندووە، لەمەودوا گۆڕانکاری لە پرۆسەی پێدانی پاسپۆرت و وڵاتینامەدا دەکات و تووندتر بووە. بۆ نموونە، کەسێک کە داوای پاسپۆرتی کردبێت و هێشتا وەڵامی بۆ نەهاتبێتەوە، دەبێت ژوانێک رێکبخات بۆئەوەی فەرمانبەرێکی ئەو فەرمانگەیە رووبەڕوو بیبینێت و لە ناسنامە و وردەکاریی دیکەی بکۆڵێتەوە.
 
فەرمانگەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەمە ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە داهاتوودا داوای پاسپۆرت دەکەن و هەموویان دەبێت زانیاریی زۆرتر و رووبەڕوو لەگەڵ فەرمانبەرێک بدەن.
 
وەک فەرمانگەکە روونیکردووەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو ئەوانەی مەترسین لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی سوێد یان تووندئاژۆن، یانیش ئەندامی گرووپە تاوانکارییەکانن، نەتوانن ببنە خاوەنی وڵاتینامەی سوێدی.