پۆلیسی سوێد: دوو داواکاری بۆ سووتاندنی تەورات، ئینجیل و قورئان پێشکێش کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی سوێد رایگەیاند، چەند داواکارییەکیان ئاراستە کراوە بۆئەوەی کۆپییەکی هەریەک لە تەورات، ئینجیل و قورئان بسووتێندرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023 پۆلیسی سوێد رایگەیاند، پیاوێک کە لە سییەکانی تەمەنیەتی، داواکاریی پێشکێشی پۆلیس کردووە بۆئەوەی لە 15ی تەممووزی ئەمساڵ، کۆپییەکی تەورات و ئینجیل لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم بسووتێنێت.
 
داواکارییەکی دیکە، بە گوتەی پۆلیس، لە ستۆکهۆڵم لەلایەن ژنێکی تەمەن 50 ساڵان تۆمارکراوە بۆئەوەی "بەزووترین کات" رێگەی پێبدرێت کۆپییەکی قورئان بسووتێنێت، بەڵام پۆلیس تائێستا وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە و دەڵێت، پێداچوونەوە بە داواکارییەکاندا دەکرێت.
 
زیف نێڤۆ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە سوێد لە تویتێکدا رایگەیاند، "بە سووتاندنی کتێب [زیاتر کتێبە پیرۆزەکان]، تەورات بێت یان هەر کتێبێکی پیرۆزی دیکە، تووشی شۆک بووم؛ ئەوە کردەوەیەکی رق و کینەیە و دەبێت بوەستێندرێت."
 
رۆژی 28ی ئەم مانگە، کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرەی لە سوێد کردووە بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی بکات.
 
دوای رووداوەکەش، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، پێویستە خەڵک دان بەخۆیاندا بگرن. هەروەها لەبارەی سووتاندنی قورئانیشەوە گوتی، "یاساییە، بەڵام کارێکی نەگونجاوە."