گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی تێکساس گەیشتە سەرووی 50 کەس
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا گیانیان لەدەستدا، گەیشتە زیاتر لە 50 کەس و لانیکەم 15یان منداڵن.
دامودەزگەکانی ویلایەتەکە چاوەڕێ دەکەن ئامارەکە بەرزتریش ببێتەوە.
لافاوەکە زۆرترین زیانی بە ناوچەی کەیر گەیاندووە. لەوێ 43 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ناوچەی تراڤس چوار کەس، لە بورێنت دوو کەس و لە تۆم گرین کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی تێکساس دەڵێن، نزیکەی 850 کەس رزگارکراون کە هەندێکیان خۆیان بە درەختەکانەوە گرتبوو، دوای ئەوەی کە زریانێک بە شێوەیەکی کتوپڕ هەڵیکرد و 38 سانتیمەتر بارانبارینی لەگەڵ خۆی هێنا.
بەهۆی بەرزبوونەوەی لێشاوی رووباری گەدەلۆپ لەدوای زریانەکە، دەیان کەس بێسەروشوێن بوون. لەوانەش، 27 کچی بەشداربووی چادرگەیەکی هاوینە.
لافاوەکە رۆژی هەینی دەستیپێکرد، کاتێک زیاتر لەوەی پێشبینی کرابوو باران باری و ئاستی رووبارەکانی تاوەکو 9 مەتر بەرزکردەوە.
رۆب کێڵی، دادوەری ناوچەی کەیر دەڵێت: "دەزانین ئاستی رووبارەکان بەرزدەبێتەوە، بەڵام کەس نەیدەزانی وای لێ دێت."
ئەو بارانەی لەو چەند کاژێرە کەمەی رۆژی هەینیدا باری، هێندەی نیوەی بارانی هەموو وەرزی بارانبارینی ناوچەکە بوو.
ئێستا فەرمانگەی نیشتمانیی کەشناسیی ئەمریکا رایگەیاندووە، باری لەناکاوی لافاو لە ناوچەی کەیر کۆتایی هاتووە، دوای ئەوەی کە زریانەکە تێپەڕی.