وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: پێویستە ئيلۆن مەسک واز لە سیاسەت بهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای رۆژێک لەوەی کە ئيلۆن مەسک ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا گەیاندە ئاستێکی دیکە و دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێی راگەیاند، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە مەسک سەرنجی لەسەر بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی بێت نەک سیاسەت.
 
رۆژی شەممە، ئيلۆن مەسک رایگەیاند "پارتی ئەمریکا" دادەمەزرێنێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی خەرجییەکانی ترەمپ، کە بە گوتەی مەسک وڵات مایەپووچ دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە 06-07-2025 سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکانی مەسک، تێسلا و سپەیس ئێکس، رەنگە پێیان باش بێت ئەو لە سیاسەت دووربکەوێتەوە.
 
بێسنت گوتی: "پێموایە ئەنجوومەنی کۆمپانیاکان، بە راگەیێنراوەکەی دوێنێ (شەممە) دڵخۆش نەبوون و هانی دەدەن کە سەرنجی لەسەر چالاکییە بازرگانییەکانی بێت، نەک چالاکییە سیاسییەکانی."
 
مەسک، کە لە چەند مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا وەک راوێژکارێکی باڵای ترەمپ بۆ بچووککردنەوە و داڕشتنەوەی حکومەتی فیدراڵی کاری دەکرد، رایگەیاندووە، پارتە نوێیەکەی لە هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی ساڵی داهاتوودا هەوڵدەدات ئەو یاسادانەرە کۆمارییانەی کۆنگرێس کە پشتگیرییان لەو پڕۆژەیاسایەی ترەمپ کردووە، لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە.
 
کۆشکی سپی راستەوخۆ وەڵامی هەڕەشەکەی مەسکی نەدایەوە، بەڵام رایگەیاند، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە نیشانەی ئەوەیە پارتی کۆماری لە دۆخێکی بەهێزدایە.
 
هاریسن فیڵدز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "وەک سەرۆکی پارتی کۆماری، سەرۆک ترەمپ پارتەکەی یەکخستووە و گەشەی پێداوە، بە شێوەیەک کە پێشتر نەمانبینیوە."
 
ناکۆکیی نێوان مەسک و ترەمپ لەسەر پڕۆژەیاسای خەرجییەکان بوو، کە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییان. 
 
ترەمپ رایگەیاندووە، مەسک ناڕازییە چونکە پڕۆژەیاساکە، کە رۆژی هەینی لەلایەن ترەمپەوە واژۆ کرا و بووە یاسا، ئەو یارمەتییانە لادەبات کە بۆ وزەی سەوز بە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا دەدران. 
 
ترەمپ هەڕەشەی کشاندنەوەی ئەو ملیاران دۆلارەی کردووە کە تێسلا و سپەیس ئێکس وەک گرێبەست و یارمەتیی حکومی وەریدەگرن.
 
پڕۆژەیاساکەی ترەمپ چ لەخۆی دەگرێت؟
 
- 4.5 تریلیۆن دۆلار سووککردنی باج کە بە شێوەیەکی سەرەکی سوودی بۆ دەوڵەمەندەکان و بازرگانەکان هەیە.
 
- زیادکردنی بودجە بۆ سوپا و جێبەجێکردنی پڕۆگرامی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرە نایاساییەکان.
 
- بڕینی بودجەی "مێدیکەید" کە پڕۆگرامی بیمەی تەندروستییە بۆ کەسانی کەم دەرامەت، ئەوەش رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی نزیکەی 17 ملیۆن کەس بیمەی تەندروستییان نەمێنێت.
 
- کەمکردنەوەی یارمەتیی خۆراکی فیدراڵی کە زیان بە خێزانە کەم دەرامەتەکان دەگەیێنێت.
 
- کۆتاییهێنان بە یارمەتییەکانی وزەی پاک و ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە ژینگەپارێزانی تووڕەکردووە و شەڕێکی راگەیاندنی لەگەڵ ئیلۆن مەسکدا دروستکردووە.
 
رەخنەگران دەڵێن ئەم یاسایە تەرخانکردنی سامانی وڵاتە بۆ دەوڵەمەندان و لە دەیەی داهاتوودا 3.4 تریلیۆن دۆلار دەخاتە سەر قەرزی نیشتمانی.