لە بۆسنە گەنجێك لە فیشەك و گوللە قەڵەم دروستدەكات

رووداو - هەولێر

لەشاری سەراییڤۆ وەستایەکی کارامە لە فیشەک، قەوان، گوللە و کەرەستەکانی دیکەی جەنگ، دەیان کەرەستەی نایاب دروستدەکات.

بەپێچەوانەی سەرباز و جەنگاوەر و چەکدارەکان، کەنان هیدیچ لەگەڵ باوکی فیشەک، گوللە و قەوان بۆ دروستکردنی کەرەستەی کلتووری و ترادیسیۆنی بۆسنەیی بەکاردەهێنێت، لەوانە ئینجانەی گوڵ، قەڵەم، سینی و قۆری و دەیانی کەرەستەی دیکە.

وەستا کەنان هیدیچ کار لەسەر قەوانی گوللەتۆپ دەکات و دەیەوێت ئینجانە گوڵی لێ دروستبکات. 

وەستا کەنان ئاماژە بەجیاوازی نێوان خۆی و جەنگاوەرەکان دەکات و دەڵێت "رۆژگارێک ئەو قەوانانە لە جەنگ بۆ کوشتنی خەڵک بەکاردەهاتن، ئێستا من دەیانکەم بە ئینجانەی گوڵ".
 
نرخی ئینجەکان لە هەشت دۆلارەوە دەستپێدەکات، تاوەکو 100 دۆلار، ئەمەش بەپێی نەخش و قەبارەی بەرهەمەکان دەگۆڕێت.