لە پۆرتوگال 1.5 ملیۆن کەس لە رێوڕەسمێکی ئایینیی پاپای ڤاتیکان بەشداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێکی گەنجانی کاسۆلیک، پاپا فرانسیسی ڤاتیکان لە شاری لیسبۆنی پۆرتوگال لە رێوڕەسمی نزاکردندا ئامادەبوو، کە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون.
بڕوادارانی کاسۆلیک بە چەپڵە و دەربڕینی دڵخۆشی پێشوازییان لە پاپا تەمەن 86 ساڵییەکە کرد، کە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆی بە هێواشی خۆی گەیاندە پارکی تێیۆ، کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی پایتەختی پۆرتوگال.
بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە دروشمی "ئێمە گەنجانی پاپاین" گوتەوە و ئاڵای وڵاتە جیاجیاکانیان بەرزکردەوە. بەگوێرەی ڤاتیکان، 1.5 ملیۆن کەس لەوێ ئامادەبوون بۆ ئەوەی پاپا ببینن.
پاپا ئەرجەنتینییەکە داوای لە خەڵکەکە کرد هەرکاتێک لە ژیانیاندا رووبەڕووی نسکۆ بوونەوە، "خۆیان هەڵبگرنەوە".
لە کاتی قسەکردنی پاپادا، بە ریزکردنی ژمارەیەکی زۆری درۆن، وشەکانی "هەستەوە" و "شوێنمبکەوە" لە ئاسماندا نووسران.
ژمارەیەکی زۆری خەڵک بۆ چەندین کاژێر لە ژیر تیشکی گەرمی خۆردا چاوەڕێی دەستپێکردنی رێوڕەسمەکەیان کرد، کە گۆرانی و سەما و یاریشی تیدا بوو.
بەهۆی نەبوونی سێبەری پێویست، بۆ رزگاربوون لە گەرمای بەتینی هاوین، بەشداربووان پەنایان بۆ چەتر و چادری کاتی برد، هەندێکیشیان بە تەڕکردنی جلەکانیان خۆیان فێنکردەوە.