وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی عێراق دەکاتە پاشکۆی ئێران

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، واشنتن "بە تووندی دژی هەموو یاسایەکە، کە پێچەوانەی ستراتیژییەتی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بێت." دەشڵێت، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، عێراق دەکاتە پاشکۆی ئێران. 
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی، کە لە پەرلەمانی عێراقە رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی دژایەتیی هەر یاسایەک دەکات کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنی دوولایەنەماندا ناگونجێت و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراقە. ئێمە پشتگیری لە سەروەریی راستەقینەی عێراق دەکەین، نەک یاساییەک کە عێراق بکاتە وڵاتێکی پاشکۆی ئێران."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لە ئەگەری پەسندکردنی ئەو پرۆژیاسایە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئێمە ناچینە نێو بابەتی گریمانەییەوە و پێشوەختە باسی هیچ هەنگاوێکی سزای گریمانەیی ناکەین، بەڵام بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکاری گونجاو دژی ئەو دامەزراوە داراییانەی خاوەندارێتییان یان خزمەتگوزاریی پێشکێش بە گرووپە تیرۆریستییە دیاریکراوەکان دەکەن." 
 
رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد، بۆ پەسندکردنی، پرۆژەیاساکە خوێندنەوەی دووەم و یەکەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام پەرلەمانتارانی کورد و سوننە دژی تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکەن.
 
ئەمریکا چەندین جار هۆشداری لە پەسندکردنی پرۆژەیاساکە داوە، رۆژی 27ـی مانگی رابردوو، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و قسەیان لەسەر پرۆژەیاساکە کردووە.
 
تامی برووس گوتی، "مارکۆ روبیۆ نیگەرانی قووڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە. جەختی لەوەش کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی نفوزی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات."
 
ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق
 
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق لە مانگی ئەیلولی  ئەم ساڵ و دوایین گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لەسەر هاوبەشییە ئەمنییەکانی داهاتوو، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە هاوبەشەکانییەوە لە سەرتاسەری عێراقدا کە کار بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەقامگیر، فیدراڵی و خاوەن سەروەری دەکەن." 
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتی، "رێککەوتنەکە بە واتای کۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش نایەت، کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵە سڤیلییەکانی لەسەر ئاستی جیهان. ئەمە گواستنەوەی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانانە لە عێراقدا بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنەی نەریتی." 
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 دا هێزی ئەمریکا و دواتریش ژمارەیەک وڵاتی دیکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تێکشکاندنی داعش. 
 
رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا باسیان لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد، دوای ئەوەی رۆژی پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەکی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق وەرگرت کە بە"گرنگ" ناوی هێنا.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.