دادگاییکردنی 6 ئەندامی ئەنجوومەنی سکونا لە سوێد بەهۆی بڕیارێکیان دژی کۆچبەران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای سکونا لە وڵاتی سوێد، شەش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارۆچکەیەک ڕووبەڕووی دادگا دەبنەوە بەهۆی بڕیارێکیان کە دژی کۆچبەران دەرکراوە. بەپێی سیستمی کۆچبەریی سوێد، کاتێک کۆچبەران مافی پەنابەری وەردەگرن، بەسەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا دابەش دەکرێن و یاسا شارەوانییەکان ناچار دەکات شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران دابین بکەن.
 
کێشەکە کاتێک سەریهەڵدا کە ئەنجوومەنی شارەوانییەکەی سکونا دەنگیان لەسەر وەرگرتنی چوار پەنابەر دا، بەڵام شەش ئەندام دژی وەرگرتنیان وەستانەوە. دواتر، کاتێک دەرکەوت کە رەتکردنەوەکە پێچەوانەی یاسای سوێدییە، بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.
 
ماگدەلینا پیتەرشۆن، داواکاری گشتی، دۆسیەکەی جووڵاندووە و رایگەیاندووە، "ئەوانە پێگەی خۆیان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێناوە. بۆیە دەبێت بەپێی یاسا سزا بدرێن." سەرەڕای ئەوەی چوار پەنابەرەکە نێردراونەتە شارەوانییەکی دیکە و شارەوانیی سکوناش بڕیارەکەی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام داواکاری گشتی پێداگرە لەسەر دادگاییکردنیان.
 
شەش ئەندامەکە رایانگەیاندووە، ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە و دادگا و دڵنیان کە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە. ئەم دۆسیەیە مشتومڕێکی زۆری لەسەر پرسی کۆچبەری و سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە سوێد دروستکردووە.