وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بلینکن بە فیدانی گوتووە دەبێت چالاکییەکانمان لە ململانێ دووربخەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوتا تورکییەکەی راگەیاندووە، دەبێت چالاکییەکانیان لە ململانێ دووربخەنەوە.

رۆژی هەینی 06-10-2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کرد و بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکەیشیان تایبەت بوو بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.

بەگوێرەی ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "ئەنتۆنی بلینکن و هاکان فیدان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا ئامانجێکی هاوبەشیان لە لەنێوبردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا هەیە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە کوێوە سەرچاوە دەگرن - ئیدی ئەگەر سووریا بێت یان عێراق یان هەر ناوچەیەکی دیکە، هەڕەشەکان دەبنە هۆی لاوازبوونی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا و هاوپەیمانەکانمان."

وەکو میڵەر ئاماژەی پێداوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەنتۆنی بلینکن بە هاکان فیدانی راگەیاندووە، دەبێت "هاوئاهەنگی هەبێت و چالاکییەکانمان لە ململانێ دووربخەینەوە."

میدیای فەرمیی تورکیاش لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەڵێت، هاکان فیدان بە ئەنتۆنی بلینکنی راگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا واز لە پاڵپشتیکردنی "یەپەگە" بهێنێت.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە رۆژێک دوای خستنەخوارەوەی درۆنێکی تورکیا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە رۆژئاوای کوردستان دێت.

وەکو میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، هاکان فیدان باسی پێکەوە کارکردنی سوپای ئەمریکا و تورکیای کردووە و "پێکەوە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆئەوەی میکانیزمی بەریەکنەکەوتن کاریگەرتر کاربکات."

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا بە هێز و توانایەکی زۆرترەوە درێژەی پێدەدەین."

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەوە تورکیا هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان زیاد کردووە، ئەوەش دوای هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە. 

هێرشەکە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک دوو کەس لەبەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئەنقەرە لە ئۆتۆمبێلێک دابەزین؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.

تورکیا باس لەوە دەکات کە دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان؛ هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بارەگا چەکدارییەکانیان دەکەنە ئامانج.

هەسەدە هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا؛ یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە.