ئۆپۆزیسیۆنی بەریتانیا پلانێکی داڕشتووە بۆ دیپۆرتکردنەوەی 750 هەزار کۆچبەر لە پێنج ساڵدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە، رایانگەیاند، پلانێکیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە بەریتانیا ئامادە کردووە کە هاوشێوەی سیاسەتی کۆچبەرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە و بەگوێرەی ئەو پلانە رێگە بە دیپۆرتکردنەوەی 750 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەدات.
 
بەگوێرەی ئەو پلانەی بەرپرسانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە کە لەگەڵ دەستپێکی کۆنفرانسی ساڵانەی پارتەکەدا ئاشکرایان کرد، ئەو پارتە سیاسییە بەڵێنیداوە ئەو کۆچبەرانە بکاتە ئامانج  و دیپۆرتیان بکەنەوە کە بەنایاسایی دەچنە نێو بەریتانیاوە.
 
هەروەها لەو پلانەدا هاتووە، رێگریی لەو کۆچبەرانەش دەکات کە داواکارییان  بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی رەتکراوەتەوە و تانە لە بڕیارەکانی دادگە بدەن. پارتی پارێزگاران پێشنیازی کردووە ئەندامێتی بەریتانیا لە رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا ناسراو بە (ECHR) و 75 ساڵە ئەندامە، کۆتایی پێدەهێنێت بە ئامانجی رێگریکردن لە تانەی پەناخوازان لە بڕیارەکانی دادگە بۆ دیپۆرتکردنەوەیان. 
 
کیمی بادینۆک، سەرۆکی پارتی پارێزگاران، لەبارەی ئەو پلانەی پارتەکەی راگەیاند دەبێت ئەو کۆچبەرە نایاساییانە "بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون" یان وڵاتی سێیەم کە بە وڵاتێکی سەلامەت دادەنرێت و ئامادەیە وەریانبگرێت. 
 
بەپێی ئەو پێشنیازانە، یەکەی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیان، ناوی دەگۆڕدرێت بۆ "هێزی دەرکردن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی و بودجەکەشی دوو هێندە زیاد دەکرێت و لە ساڵێکدا 820 ملیۆن پاوەند زیاد دەکات و ئاماژەش بەوەکراوە بە داخستنی ئەو هۆتێلانەی پەناخوازانی تێدا نیشتەجێ بوون و لەسەر بوودجەی حکومەت لەو هۆتێلانە دەمێننەوە، پارێزگاران دەڵێن دەتوانرێت بەو بوودجەیەی بۆ ئەو هۆتێلانە دابینکراون بۆ ئەو هێزەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ خەرج بکرێت.
 
پارتەکە لە پلانەکەیدا، رایگەیاندووە ئەو یەکەیە بە دەسەڵات و بوودجەی زیاتر، دەتوانێت ساڵانە نزیکەی 150 هەزار پەناخوازی نایاسایی دیپۆرت بکرێتەوە و بەکۆی گشتیش لەماوەی پێنج ساڵی تەمەنی هەر خوولێکی پەرلەمانی بەریتانیا، 750 هەزار پەناخوازی نایاسایی دیپۆرت بکەنەوە.
 
پارتی پارێزگاران رایگەیاندووە لەسەرەتادا ئەو کەسانە دەکرێنە ئامانج کە بە نایاسایی لە بەریتانیادا دەژین و ئەوانەشی لەداهاتوودا بە رێگەی قاچاخ روودەکەنە بەریتانیا. دواتر هەموو ئەو پەناخوازانەشی تاوانی گەورەیان کردووە و زیندانیکراون.
 
ئەو ژمارەیی دیپۆرتکردنەوەیەش نزیکەی پێنج هێندە زیاد دەبێت لەو ژمارەیەی ساڵی رابردوو دیپۆرتکرانەوە کە نزیکەی 35 هەزار پەناخواز بوون و زۆرینەیان لەسەر رەزامەندی خۆیان دیپۆرتکراونەتەوە.
 
بەگوێرەی پلانەکەی پارتەکە، پێشنیازی کردووە رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بکرێت کە ئەو پەناخوازانەی بۆ رەوانە دەکرێنەوە. هەروەها هەڕەشەی راگرتنی خەرجییەکانی هاوکارییە داراییەکان و ڤیزا لەو وڵاتانەی بکرێت کە رەتیدەکەنەوە هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا لەوبارەیەوە هەبێت.
 
سەرۆکی پارتەکە رایگەیاندووە، ئەوان نێوەڕۆکی پلانەکەیان لە سیاسەتە توندەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆچبەران وەرگرتووە کە دەسەڵاتی زیاتر و فراوانی داوە بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردن و دەرکردنی پەناخوازە نایاساییەکانی ئەمریکا.
 
پارتی پارێزگاران لەدرێژەی پلانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەوانیش هاوشێوەی ئیدارەی ترەمپ، فەرمان بە هێزەکانی پۆلیس دەکەن بۆ پشکنینی زانیاری هەموو ئەو کەسانەی دەستگیریان دەکەن.