سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی کابینەکەی دەستی لەکار کێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە رۆژی دووشەممە دەستلەکارکێشانەوەی سێباستیان لوکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی قبووڵکردووە، ئەوەش وڵاتەکەی زیاتر رووبەڕووی چەقبەستوویی سیاسی دەکاتەوە.
 
مانگی رابردوو ماکرۆن لوکۆرنوی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرد. 
 
درەنگیی شەوی یەکشەممە لوکۆرنۆ ئەندامانی کابینە نوێیەکەی رایگەیاند کە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەبوو بەراورد بە کابینەی پێشوو، ئەوەش وایکرد رووبەڕووی رەخنەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان ببێتەوە و دەست لە کاربکشێتەوە.
 
لوکۆرنو وەزیری پێشووی بەرگری بوو. 
 
لوکۆرنو وەک سەرۆکوەزیران، ئەرکێکی سەختی لەپێش بوو، کە ئەویش بەدەستهێنانی رەزامەندیی پەرلەمانی پڕ لە ناکۆکیی وڵاتەکەی بوو لەسەر بودجە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو.
 
دوو سەرۆکوەزیرانی پێش ئەو، فرانسوا بایرو و میشێل بارنیێ، بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەمان پلانی خەرجییەکان لەلایەن پەرلەمانەوە لەکارلادران.
 
هەفتەی رابردوو داتای فەرمی دەریانخست کە قەرزی گشتیی فەرەنسا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
 
رێژەی قەرزی فەرەنسا بەراورد بە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی، ئێستا لە یەکێتیی ئەورووپادا لەدوای یۆنان و ئیتاڵیاوە لە پلەی سێیەم دێت.
 
قەرزی فەرەنسا بەراورد بە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی، نزیکەی 120%ـە، لە کاتێکدا بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا نابێت قەرزی هیچ وڵاتێک 60٪ی داهاتی نێوخۆ تێپەڕێنێت.
 
حکومەتەکانی پێشوو سێ یاسای بودجەی ساڵانەیان بێ دەنگدانی پەرلەمان تێپەڕاندبوو، کە دەستوور رێگەی پێدەدات، بەڵام لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بە تووندی رەخنەی لێدەگیرێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، لوکۆرنو هەفتەی رابردوو بەڵێنیدا کە دڵنیایی بدات پەرلەمانتاران دەتوانن دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدەن.
 
فەرەنسا لە نێوەڕاستی ساڵی رابردووەوە تووشی چەقبەستوویی بووە، کاتێک ماکرۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کرد.
 
بەڵام هەنگاوەکەی ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو و بووە هۆی ئەوەی هاوپەیمانیی لایەنگری ماکرۆن لە پەرلەماندا ببێتە کەمینە.