UNHCR بەهۆی کەمیی بودجەوە نزیکەی 5 هەزار کارمەندی دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) رایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم ساڵ ناچار بووە دەستبەرداری نزیکەی 5 هەزار کارمەندی خۆی ببێت.
ئاژانسی UNHCR رووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە کە ژمارەی ئاوارەکان لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە. لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا، کە بە شێوەیەکی نەریتی گەورەترین بەخشەری هاوکارییەکان بووە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا هاوکارییە دەرەکییەکانی بە رێژەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی پشێوی لە سەرانسەری جیهاندا.
فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران رایگەیاند، کەمکردنەوەکان زیاتر لە چارەکێکی هێزی کاری ئاژانسەکە پێکدەهێنن و پێشبینی دەکرێت کەمکردنەوەی زیاتریش بەڕێوەبێت، کە هیچ وڵات و کەرتێک لێی بێبەش نابێت.
گراندی گوتی: "ناچار بووین پرۆگرامە گرنگەکان و چالاکییەکانی رزگارکردنی ژنان رابگرین. کارەکانی رێگری لە تووندووتیژی جێندەری و پشتیوانی دەروونی بۆ رزگاربووانی ئەشکەنجە راگیراون."
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها دەشڵێت، "قوتابخانەکان داخران، هاوکاری خۆراک کەمکرایەوە، یارمەتییە نەختینەییەکان بڕدران، پرۆسەی نیشتەجێکردنەوە وەستا. ئەمە روودەدات کاتێک لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە بودجەکەت دەبڕدرێت."
سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە سیستمی مرۆیی رووبەڕووی "هەڵبژاردنی سیاسی بووەتەوە کە دەرەنجامی دارایی کارەساتباریان هەیە."
پێشتر واشنتن زیاتر لە 40٪ی بودجەی UNHCRی دابین دەکرد، بەڵام کشانەوەی وڵاتەکە، لەگەڵ کەمکردنەوەی بودجە لەلایەن وڵاتانی دیکەی بەخشەرەوە، وایکردووە ئاژانسەکە رووبەڕووی دۆخێکی نائومێدکەر ببێتەوە.
گراندی رایگەیاند بودجەی پەسەندکراوی UNHCR بۆ ئەم ساڵ، 10.6 ملیار دۆلار بووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە ئاژانسەکە لە ساڵانی رابردوودا تەنیا "نزیکەی نیوەی پێداویستییەکانی بودجەی" بەدەستهێناوە، کە دەکاتە نزیکەی 5 ملیار دۆلار.
سەرۆکی ئاژانسەکە دەڵێت، "بەپێی دۆخی ئێستا، پێشبینی دەکەین ساڵی 2025 بە 3.9 ملیار دۆلار بودجەی بەردەست کۆتایی پێبهێنین، کە ئەمەش 1.3 ملیار دۆلار کەمترە بەراورد بە ساڵی 2024."
گوتەبێژێکی ئاژانسەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە هەردوو جۆری کارمەندان، هەم ئەوانەی هەمیشەیی بوون و هەم ئەوانەی کاتی یان راوێژکار بوون، کارەکانیان لەدەستداوە.
لە کۆبوونەوەی ساڵانەی لیژنەی جێبەجێکاری ئاژانسەکەدا، ترێسا رەی فینێرتی، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمریکا پشکێکی "ناڕێژەیی" لە تێچووەکانی UNHCRی لە ئەستۆ گرتووە و داوای چاکسازی کرد.
فینێرتی هۆکاری گوشارەکان لەسەر سیستەمی پەنابەری لە جیهاندا بۆ کۆچی ئابووری گەڕاندەوە و هۆشداریدا: "خراپ بەکارهێنانی سیستەمی پەنابەری لەلایەن کۆچبەرانی ئابوورییەوە کە هەوڵی پێشێلکردنی یاسای کۆچ دەدەن، گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ئێستا هەڕەشە لە خودی بنەمای مافی پەنابەری دەکات."
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مافی داواکردنی پەنابەری، پرەنسیپی "نەگەڕاندنەوەیە" (non-refoulement)، کە گەرەنتی ئەوە دەکات هیچ کەسێک نەگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتێک کە رووبەڕووی ئەشکەنجە، مامەڵەی دڕندانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیپێکردن دەبێتەوە.
گراندی هۆشداریدا خستنەڕووی ئەم پرەنسیپە "هەڵەیەکی کارەساتبار دەبێت" و جەختی کردەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم دامەزراوە، ناتوانێت کۆچی بەکۆمەڵ سنووردار بکات، بەڵکو چارەسەرکردنی دۆخەکە قورستر دەکات.