پزیشكێكی كورد لە پزیشكە هەرە باشەكانی ئەڵمانیایە
زەكی ئۆزمەن
رووداو - ئەڵمانیا
دەروونناسی كورد د.شەفیق تاگای لەلایەن گۆڤاری تەندروستی ئەڵمانی (Focus Gesundheit) بە یەكێك لە پزیشكە هەرە باشەكانی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا. ئەویش بەهۆی ئەو لێكۆڵینەوە زانستیانەی كە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەكانی بواری تەندروستیدا بڵاویاندەكاتەوە.
ئەو پزیشكە كوردە لەگەڵ 14 پزیشكی دیكەی دەروونی لە نەخۆشخانەی زانكۆی دویسبۆرگ – ئێسنی ئەڵمانیا كار دەكات. ساڵی رابردووش لەلایەن هەمان گۆڤارەوە بە یەكێك لە پزیشكە باش و زیرەكەكانی ئەڵمانیا هەڵبژێردرابوو.
ئەو گۆڤارە ساڵانە شرۆڤەیەكی بەرفراوان لە بارەی كاری پزیشكانی ئەڵمانی دەكات و دواتریش باشترینەكانیان هەڵدەبژێرێت.
ئەڵمانیا 450 هەزار پزیشكی هەیە
لە سەرتاسەری ئەڵمانیا نزیكەی 450 هەزار پزیشك هەن. گۆڤاری تەندروستی Focus Gesundheitساڵانە لەو 450 هەزار پزیشكە، 2500 پزیشك لە پسپۆڕیی جیا جیا وەك باشترین و زیرەكترین پزیشكەكانی ئەڵمانیا هەڵدەبژێرێت.
ئەمساڵیش لە 45 پسپۆڕیی جیاجیای بواری پزیشكی، ئەو پزیشكانەی هەڵبژارد كە دەروونناسی كورد د.شەفیق یەكێك بوو لەوان. د.شەفیق لە بنەڕەتدا خەڵكی شاری باتمانی باكووری كوردستانە و 33 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت. لە ساڵی 1999 خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە.
ئەو لە جیاتی چارەسەركردنی نەخۆش، لێكۆڵینەوەی تایبەت لەبارەی نەخۆشییە دەروونییەكان دەكات و ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە لە گۆڤارە تەندروستییە نێودەوڵەتییەكاندا بڵاودەكاتەوە.
لێكۆڵینەوەكانی ئەو بەتایبەتی دەربارەی psîko-traumatolojy (سایكۆ-شۆك)ن، زۆربەی نەخۆشەكانی د.شەفیق ئەڵمانین كە زۆربەیان نەخۆشیی دەروونی لە جۆری خەمۆكی و شۆك و نەخواردنی خۆراكیان هەیە.
مانگانە 5-6 كورد سەردانی دەكەن
د.شەفیق لە نووسینگەكەی خۆی لە نەخۆشخانەی زانكۆی دویسبۆرگ – ئێسن، لەبارەی هەڵبژاردنی وەك یەكێك لە هەرە باشترین پزیشكەكان لەلایەن ئەو گۆڤارە تەندروستییەوە، قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "زۆر دڵخۆش بووم كە لە نێو لیستی باشترین و زیرەكترین پزیشكەكانی ئەڵمانیادا بووم، كاری من زۆر زۆرە، بەڵام ئێستا بەرهەمی كاری خۆم دەبینم، من سوپاسی خودا و مەلیكە تاوس دەكەم كە كارە باشەكانی من دەگەنە خەڵك".
د.شەفیق ئاماژەی بەوەدا كە ئەو زیاتر سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لەسەر ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون و زۆر بە كەمی نەخۆش چارەسەر دەكات "چونكە من لێكۆڵینەوەی تایبەتی زانستی دەكەم، زۆر بە كەمی بواری ئەوەم بۆ دەڕەخسێ نەخۆشەكانم چارەسەر بكەم". گوتیشی "زۆربەی نەخۆشەكانم ئەڵمانین، مانگانەش نزیكەی 5-6 نەخۆشی كورد لە سەرانسەری ئەڵمانیاوە دێنە لام، چونكە لە ئەڵمانیا پزیشكی دەروونیی كورد زۆر كەمن".
د.شەفیق باسی ژیانی خۆی كرد لە باكووری كوردستان و ئەوروپا و گوتی بە زەحمەتییەكی زۆر گەیشتووەتە ئەڵمانیا، لەوێش رووبەڕووی زەحمەتی زۆر بووەتەوە، بەڵام ئەو كۆڵی نەداوە. د.شەفیق كە دوو ساڵە لەسەر یەك ناوی خۆی لە لیستی پزیشكە زیرەك و باشەكانی ئەڵمانیادا دەبینێت، پێیوایە بە ئامانجی خۆی گەیشتووە.
د.شەفیق دەڵێت "ئێمە لە رەوشێكی زۆر ناخۆشدا لە تاراوگە گیرساینەوە، لێرەش پسپۆڕی و ناوبانگ پەیداكردن كارێكی زۆر زەحمەتە، لێرە هەر ئەڵمانەكان دەگەنە ئاستی باڵا، بۆ كوردێك كە لە نێو كێشەدا گەورە بووە و ئێستا ناوی كەوتووەتە نێو لیستێكی لەو شێوەیە، شتێكی كەم نییە". سەبارەت بە رای هاوكارانی نەخۆشخانەكەی، بە تایبەتی پزیشكە ئەڵمانەكان لەبارەی ئەو نازناوە، د.شەفیق گوتی "زۆر لەوان باوەڕ ناكەن كە پەنابەرێك هاتووەتە وڵاتەكەیان و ئێستا ناوی لە لیستی باشترین پزیشكەكانی ئەڵمانیادایە، چونكە لەسەرتاسەری ئەڵمانیا تەنیا 2%ی پزیشكان ناویان دەچێتە نێو ئەو لیستە، پەنابەران لە نێو ئەو لیستەدا زۆر كەم و دەگمەنن، بۆیە ئەڵمانەكان باوەڕ بەوە ناكەن، تەنانەت هەندێكیان ناڕەزایی دەردەبڕن".