هاونیشتمانییەک لە بەریتانیا بە 2 ساڵ و 3 مانگ زیندانی سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک بە ناوی رێبوار حەمەد، دوای ئەوەی بە بەلەم بە شێوەیەکی نایاسایی چووە بەریتانیا دەستگیرکرا و سزای 2 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بۆ دەرکرا. رێبوار پێشتر لە ئیتاڵیا بە تاوانی "تیرۆر" سزادرابوو و دوای ئازادکردنی، گەڕایەوە بەریتانیا.
سزاکە لە دادگەی کانتەربێری کراون لە شاری کانتەربێری لە رۆژهەڵاتی بەریتانیا دەرکرا.
بەگوێرەی دەستەی داواکاری گشتیی شاهانە، رێبوار حەمەدی تەمەن 48 ساڵ لە 19ـی ئەیلوول لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکەدا بە بەلەم چووەتە بەریتانیا و دواتر دانی بە "تاوانی چوونی نایاسایی"دا ناوە.
رێبوار لە ساڵی 2001 چووەتە بەریتانیا و مافی مانەوەی هەمیشەیی پێدراوە، بەڵام لە ساڵی 2019 لە دادگەیەکی ئیتاڵیا بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە تاوانی تیرۆر سزادرا و ساڵی دواتر رادەستی ئەو وڵاتە کرا بۆ تەواوکردنی سزاکەی.
دوای ئازادکردنی، رێبوار رایگەیاندووە کە پێی گوتراوە لە هەفتەیەکدا ئیتاڵیا جێبهێڵێت.
دواتر ئەو هاونیشتمانییە داوای ڤیزەی کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بەریتانیا، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە. بۆیە بڕی 1,200 یۆرۆ (نزیکەی 1,050 پاوەند)ـی داوە بۆ ئەوەی بە بەلەم بچێتە بەریتانیا کە دواتر لە کەناراوەکانی دۆڤەر دەستگیرکراوە.
پیتەر کۆکریڵ لە دەستەی داواکاری گشتیی شاهانە رایگەیاند، "رێبوار حەمەد پشتگوێخستنێکی ئاشکرای بۆ یاساکانی کۆچ پیشانداوە بەوەی بۆ جاری دووەم بە نایاسایی هاتوەتەوە بەریتانیا."