گەنجێکی 19 ساڵ دەنگی کوردستان بە هۆڵەندا و جیهان دەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

مەزن بەرهەم عەلی، گەنجێکی 19 ساڵی کوردە و لە تەمەنی دوو ساڵییەوە لە هۆڵەندا دەژی، بووەتە دەنگێکی دیار بۆ ناساندنی دۆزی کورد.
 
مەزن خوێندکاری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی ئەمستردام، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە هەستی بەوە کردووە پێویستە کار بۆ ناساندنی کوردستان بکات، چونکە کاتێک لە زانکۆ باسی ئەوەی دەکرد خەڵکی کوردستانە، کەس نەیدەزانی کوردستان لە کوێیە.
 
وەک بەشێک لە رێکخراوی "یەکبوون" کە لە 17 گەنجی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە سەرتاسەری جیهان پێکهاتووە، مەزن لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی کاریگەری لەسەر بارودۆخی گەلی کورد پێشکێش کرد. ئەم چالاکییە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لە میدیاکانی هۆڵەندا هەبوو و وایکرد جارێکی دیکە باس لە مێژووی کوردستان بکرێت.
 
مەزن ئاماژەی بەوە کرد، زانیاریی لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی هۆڵەندی زۆر کەمە، بۆیە چالاکییەکانی ئەو بووەتە هۆی ئەوەی هاوپۆل و هاوڕێ هۆڵەندییەکانی زیاتر ئاشنای دۆزی کورد ببن.
 
مەزن بە پشتیوانیی بەردەوامی دایک و باوکی توانیویەتی لەم بوارەدا کار بکات، داوا لە دایک و باوکانی دیکەی کورد دەکات کە پشتگیریی منداڵەکانیان بکەن بۆئەوەی کار بۆ خاک و وڵاتی خۆیان بکەن و ناسنامەی خۆیان لەبیر نەکەن.