ئەڵمانیا سزا لەسەر ساختەکردنی بڕوانامەی زمان تووندتر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو فراکسیۆنی پارتی کریستیان دێموکرات (CDU) و سۆسیال دێموکراتەکان (SPD) لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسایەکیان بۆ تووندترکردنی رێوشوێنەکانی پێدانی رەگەزنامەی ئەڵمانی بردووەتە پەرلەمان.
 
بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو بیانییانەی لەکاتی داواکردنی پاسپۆرتی ئەڵمانی، بەڵگەنامە و بڕوانامەی ساختەی فێربوونی زمانی ئەڵمانی پێشکێش دەکەن، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ لە مافی داواکردنی وڵاتینامە بێبەش دەکرێن.
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەدەستهێنانی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی تاوەکو ئاستی B1، کە قۆناخی سێیەمی فێربوونی زمانەکەیە (دوای A1 و A2)، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت.
 
ئەم ئاستە بۆ بەشێک لە بیانییەکان قورسە و ناتوانن بە ئاسانی بەدەستی بهێنن، بۆیە هەندێکیان پەنا بۆ ساختەکاری دەبەن. لەم چوارچێوەیەدا، پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی 11ی ئەم ساڵ، لە هەڵمەتێکدا لە شارەکانی فرانکفۆرت و شتوتگارت، 15 کەسیان بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی زمان دەستگیر کردووە.