یەکێتیی ئەورووپا رێنوێنیی نوێی بۆ پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستان دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا، ئەم هەفتەیە رێنوێنیی نوێی سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەریی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ وڵاتانی ئەندام ئاشکرا کرد، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی هەزاران پەناخواز دەبێت.
بەپێی رێنوێنییە نوێیەکان، کەسێک چیدی تەنیا بەهۆی هەڵاتنی لە خزمەتی سەربازیی رژێمی ئەسەد مافی پەنابەری وەرناگرێت. هەروەها، عەرەبی سووننە تەنیا لەبەر ئەوەی ناسنامەیان عەرەبی سووننەیە، مافی پەنابەرییان پێنادرێت و داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە.
لە بەرامبەردا، داواکاریی پەنابەریی پێکهاتەکانی دیکەی وەکو کورد، عەلەوی، درووز و کریستیانەکان پێویستە بە وردی و بەپێی کەیسەکانیان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بڕیاریان لەسەر بدرێت، نەک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رەتبکرێنەوە.